وەزیری شارەوانی بۆ شارەوانییەکان: تاوەکو هەفتەی داهاتوو ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی دیاریبکەن

کۆبوونەوەی وەزیری شارەوانی و ئەنجوومەنی شارەوانییەکان

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، هەنگاوە كردارییەكانی دابەشكردنی زەوی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دەبێت تاوەکو هەفتەی داهاتوو ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاری بكرێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 9ـی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار كۆبوونەوەی دووەمی ئەنجوومەنی شارەوانی، بەمەبەستی دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەکانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران بەڕێوەچوو.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەدواداچوونی بۆ كاری شارەوانییەكان كرد كە لە كۆبوونەوەی ڕابڕدوودا ڕایسپاردبوون بۆ زانینی ژمارەی مەزەندەكراوی فەرمانبەران و دابینكردنی زەوی و نەخشەی زەوی و دیاریكردنی شوێن و گرفتە تەكنیكی و یاساییەكان لە سنووری شارەوانییەكانیان بۆ ئەوەی بەزوویی فەرمانبەران لە بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی سوودمەند ببن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختی لەسەر پەلەكردن لە پرۆسەكە كردەوە و داوای لێكردن تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەبێت سەرجەم شارەوانییەكان راپۆرتێكی تەواو و تێروتەسەل ئامادەبكەن و تێیدا ژمارەی فەرمانبەران و شوێنی دابینكردنی زەوی لەسەر نەخشەدا دیاریبكرێت.

وەزیری شارەوانی گوتویەتی، ئەگەر زەوی لە سنووری ماستەرپلاندا بەردەستنەبوو، بۆ ئەوەی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەران لە وەرگرتنی زەویدا سوودمەند ببن، پێویستە ماستەرپلانی شارەوانییەکان فراوان بکەن و زەوی دابینبکەن.