سوپای تورکیا: لە هەرێمی کورستان لە ئۆپراسیۆنی بەردەوامداین

چەند سەربازێکى تورکیا لەکاتى گەڕان و پشکنین لەناوچە سنوورییەکان. فۆتۆ: وەزارەتى بەرگریى تورکیا

سوپای تورکیا رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکانیان لە هەرێمی کوردستان بە خێرایی بەڕێوەدەچێت و ئێستاش چوونەتە قۆناغی ئۆپراسیۆنی بەردەوام.

چەند سەرچاوەیەکی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە تەلەفزیۆنی فەرمیی وڵاتەکەیان راگەیاند، شەڕی رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام بەڕێوەدەچێت و ئێستاش کەتوونەتە قۆناغی "ئۆپراسیۆنی بەردەوام".

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، "پێشتر گوتمان ئەم هاوینە قوفڵەکە دادەخەین کە ناوچەکانی ئۆپراسیۆنی چڕنووک قوفڵە لە هەرێمی کوردستان و ئێستاش بەو جۆرەی ئاماژەمان بۆ کردووە بەردەوامین لەو پلانەی داماننابوو."

سەرچاوەکان لەبارەی گیانلەدەستدانی چەند سەربازێکی تورکیاوە لە هەرێمی کوردستان باسیانلەوەکردووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی بەهۆی هەورەبرووسکەوە گیانلەدەستدەدەن زیادیکردووە و تەنیا رۆژی چوارشەممە 8ـی ئایاری 2024، 307 هەورەبرووسکە لە بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیای داوە کە لە هەرێمی کوردستاندان.