وادەی بەڕێوەچوونی دیداری فیلمی کوردی بێرمینگهام دیاریکرا

بە ئامادەبوونی زۆرینەی ئەندامانی بۆردی بەڕێوەبردنی دیداری فیلمی کوردی بێرمینگهام، ناسراو بە "BKFE"، یەکەم کۆبوونەوە بۆ رێکخستن و دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی دیدارەکە رێکخرا.

لەمیانی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا، دووەمین دیداری فیلمی کوردی بێرمینگهام، بۆ ماوەی سێ رۆژ بەڕێوەبچێت و رێکەوتی 25ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، یەکەم رۆژی چالاکییەکانی دەبێت.

بەگوتەی دارۆ ئەزیز، سەرپەرشتیاری گشتی دیداری فیلمی کوردی بێرمینگهام لە وڵاتی بەریتانیا، "پاش تەواوبوونی دیدارەکە، بۆ ماوەی شەش رۆژ، فیلمی "خۆشەویستی لە سەردەمی کۆرۆنادا"، نمایشدەکرێت و رێکەوتی 28ی تشرینی یەکەم، یەکەم رۆژی نمایشی دەبێت"، ئاماژەی بەوەش دا؛ بۆ ماوەی نۆ رۆژ، فیلمی کوردی لە شاری بێرمینگهام، لە سینەمای سینەوۆڵدی بەریتانی نیشاندەکرێن.

لەمیانی خولی دووەمی دیدارەکەدا، بڕیارە، ژمارەیەک پانێڵی جیاواز بەڕێوەبچن و تیایاندا فیلمسازە بەریتانییەکان بەشداریی دەکەن، هەر لە میانی ئەم خولەدا، خەڵاتی رێزلێنان، بە کەسایەتییەکی دیاری بواری سینەمای کوردی دەبەخشرێت و رێزی لێدەنرێت.

لە دیارترین ئەندامانی بۆردی بەڕێوەبردنی دیدارەکە، بریتین لە: دارۆ ئەزیز، بەناز کەمال، لازۆ ئازاد، د. دڵشاد مستەفا، شوان عەتووف، سەردار خەلیل و هەوراز محەمەد.

ساڵی رابردوو، رێکەوتی 17 بۆ 19ی تشرینی دووەم، یەکەمین دیداری فیلمی کوردی بێرمینگهام، پاش شەش مانگ لە ئامادەسازیی، بەڕێوەچوو، تیایدا بۆ یەکەمینجار، فیلمی کوردی، لەسەر شاشەی سینەمای سینەوۆڵدی بەریتانی نمایشکرا و دیارترین فیلمە کوردییەکانی ساڵ، خرانە بەر دیدی بینەران.