مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە سلێمانى کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەى مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانى کۆدەبێتەوە و تەوەرى سەرەکى کۆبوونەوەکەش پرسى هەڵبژاردنەکانى پەرلەمانى کوردستانە و تێیدا هەڵوێستى خۆى لەبارەی بەشدارینەکردنی پارتی، ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت.

رۆژی سێشه‌ممه‌، 2ى نیسانى 2024، سەعدى ئەحمەد پیرە، گوتەبێژى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند، "ئەمڕۆ مه‌كته‌بى سیاسیى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان لە سلێمانى کۆدەبێتەوە".

هاوکات، سەرچاوەیەک لە مەکتەبى سیاسیى یەکێتى بەکەناڵ8ى راگەیاند، "كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت بە گفتوگۆکردن له‌سه‌ر پرسى به‌شدارینه‌كردنى پارتى دیموکراتی کوردستان له‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ئه‌و ده‌ستپێشخه‌رییانه‌ى له‌باره‌ى دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان خراونه‌ته‌ڕوو".

گوتیشى، "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دوای چەند دەستپێشخەرییەک دێت بە ئاگاداری ئەمریکا و یۆنامی لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە".

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان 10ی حوزەیرانی ئەمساڵى بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان ناوى بەربژێرەکانى پێشکەشى کۆمیسیۆن نەکردووە و بڕیاریداوە بەشداری نەکات.

پێشتریش مەحمود محەمەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەوە روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گوتى "پارتی لە سەر هەڵوێستی خۆی پێداگرە و هیچ جۆرە دەستوەردانێكی نایاسایی لە هەڵبژاردنەکان قبوڵ ناکات".

گوتەبێژی پارتی دەڵێت: "بەپێویستی دەزانێ هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكان لە شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن و ڕاست بكرێنەوە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێکی پاک و ئازاد و دەستووری بەڕێوە بچێت و سەرجەم هاونیشتمانییانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە مافی دەنگدانیان هەبێت و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیش دەستکاری نەکرێن".

روونکردنەوەکە لەکاتێکدایە کە پێشتر کەناڵ8 بڵاویکردەوە "پاش فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، پارتى ئێستا دەیەوێت لەرێگەى دەرچەیەکى سیاسیی و یاساییەوە، پرۆسەى دواخستنى هەڵبژاردن لەرێگەى کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە بکات و پارتى و سەرۆکى هەرێمى کوردستانیش لە دواخستنى ئەمجارە دەرباز بن".

کەناڵ8 لە دوو سەرچاوەى باڵا لە سەرۆکایەتیى هەرێمی کوردستان و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، زانیویەتى، ئەگەرێکى بەهێز هەیە بۆ دواخستنى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، بۆ مانگى تشرینى دووەمى ئەمساڵ.

سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان بەکەناڵ8ى راگەیاند، پارتى دەیەوێت لەرێگەى رێککەوتنى سیاسییەوە لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان، کۆمیسیۆن رازیی بکات، بە دەرکردنى نوسراوێک بۆ سەرۆکى هەرێمی کوردستان، بە ئاماژەدان بۆ نەبوونى کات لە بەردەم کۆمیسیۆنەکەدا بۆ سەرپەرشتیکردنى پرۆسەکە و دوابخرێت بۆ مانگى 11.