خۆپیشاندان لە وانى باکوورى کوردستان دەستیپێکرد و توندوتیژى تێکەوت

خۆپیشاندانەکەى وانى باکوورى کوردستان.

دواى ئەوەى دادگا مافی خۆهەڵبژاردنى لە بەربژێرى پارتى دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتى دەم) سەندەوە، لە وانى باکوورى کوردستان خۆپیشاندان دەستیپێکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 2ـى نیسانى 2024، خۆپیشاندان لە وانى باکوورى کوردستان دەستیپێکرد،  خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان رووبەڕووى یەکتر بوونەوە.

بەگوێرەى ئەو گرتە ڤیدیۆیانەى بڵاوکراونەتەوە، خۆپیشاندەران بەرد دەگرنە هێزە ئەمنییەکان و هێزە ئەمنییەکانیش بە ئاو رشتن بە خۆپیشاندەراندا رووبەڕوویان دەبنەوە.

خۆپیشاندانى وان پاش ئەوەدێ، هەر ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر داوای وەزارەتی دادی تورکیا، دادگا مافی خۆهەڵبژاردنی لە عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری پارتی دەم بۆ سەرۆکایەتی گەورەشارەوانی وان سەندەوە.

ئەوەش لەکاتێدایە، ناوبراو 55%ـى دەنگەکانی بەدەستهێناوە و بڕیارى دەستبەکاربوونیش بۆ عەبدوڵاهات ئارڤاس، بەربژێرى پارتى داد و گەشەپێدان (ئاکپارتى) دەرکرا.