خۆپیشاندان لە چەند ناوچەیەکی وان دەستیپێکردەوە

دۆخى شارى وان لەدواى خۆپیشاندانەکان. فۆتۆ: AA

خۆپیشاندانەکان لە چەند ناوچەیەکی وان دەستیانپێکردەوە و کۆبوونەوەی پارتی دەمیش لە شارەکە دەستیپێکرد.

سەرەڕای بڕیاری قەدەغەی چالاکیی و دەربڕینی ناڕەزایەتیی بۆ ماوەی 15 رۆژ، لە چەند ناوچەیەکی وان خۆپیشاندان دژی دوورخستنەوەی عەبدوڵا زەیدان بەربژێری سەرکەتووی سەرۆکایەتیی شارەوانی دەستیپێکردەوە.

لەسەر بڕیاری ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی جەهەپە، شاندێکی پارتەکە بۆ دەربڕینی پشتیوانیی بۆ زەیدان گەیشتنە شارەکە و هەر ئەمڕۆش لەیلا زانا سیاسەتمەداری دیاری باکووری کوردستان گەیشتە وان.

وەک دوێنێش بڕیاردرا، کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ناوەندی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی (پارتی دەم) لە وان دەستیپێکرد و بڕیاریشە دوای کۆبوونەوە چالاکییەکانی پارتی دەم لەو شارە دەستپێبکات.

شەوی رابردووش ئەرکان باش، سەرۆکی پارتی کرێکاری تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ دەگەنە وان و پشتیوانی خۆیان بۆ زەیدان دەردەبڕن.

ئەمەش لە کاتێکدایە شەوی رابردوو بە بڕیارێک هەموو جۆرە چالاکیی و دەربرێنێکی ناڕەزایەتیی لە وان بۆ ماوەی 15 رۆژ قەدەغەکرا و بەگوێرەی بڕیارەکەش رێکاریی یاسایایی بەرامبەر هەرکەسێک دەگیرێتەبەر پابەندی بڕیارەکان نەبێت.

هاوکات پارتی دەم بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی وان، سکاڵای لە دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن لە تورکیا تۆمارکرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوی ژووری پارێزەرانی پارتی دەم، ئەمڕۆ لە لقی شاری وانی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن، بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی عەبدوڵا زەیدان، سەرۆکی هەڵبژێردراوی شارەوانی وان، سکاڵا تۆمارکراوە.

وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سکاڵاکە لەلایەن زەیدان و پارێزەرانی پارتی دەمەوە تۆمارکراوە و داوا دەکەن فەرمانی دەستبەکاربوون بە زەیدان بدرێت و پێدانی فەرمانی دەستبەکاربوون بە بەربژێرەکەی ئاکپارتی هەڵبوەشێندرێتەوە.