پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەشتەم کۆنگرەی خۆی دەبەستێت

لۆگۆی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

ئەمڕۆ پێنجشەممە، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەشتەم کۆنگرەی خۆی لەشارى هەڵەبجە دەبەستێت.

هەفتەی رابردوو، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بڕیاریدا کۆنگرە ببەستێت و هۆکاری بەستنی کۆنگرەکەش بۆ پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان، ناوچەکە و بۆ جێگیرکردنی ئەو بڕیار و کارانەی پێشتر درابوون، هەروەها بۆ خۆنوێکردنەوە و ئامادەسازی بۆ پێشهاتەکان بەتایبەت هەڵبژاردنەکان گەڕاندەوە.

بەستنی کۆنگرەی هەشتەمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەکاتێکدایە کێشەکانی نێوان محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتەکە و عەبدوڵا حاجی مەحمود برای گەیشتووەتە لوتکە.

رۆژی 3ـی نیسانی 2024، د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژى پارتى سۆسیال دیموکرات لەمیانی بەشداریکردنی لە بۆڵتەنی تۆپ ستۆریی کەناڵ8 رایگەیاند، "پێشتر بڕیارى دەرکردنى عەبدوڵا حاجى مەحمود لە حیزبى سۆسیالیست دراوبوو، بەڵام مۆڵەتى پێدرا بەشدارى بکات، بەڵام دواى پشێوییەکانى بەرەبەیانى رۆژى 3ـی نیسانى گوڵەخانە، بڕیارى دوورخستنەوەى ناوبراو جێبەجێکراو بە هیچ جۆرێک رێگەى پێنادرێت بەشدارى کۆنگرە بکات".

پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ساڵی 1976 لەلایەن مەحمود عوسمان، عەدنان موفتی و رەسوڵ مامەندەوە دامەزراوە.

ساڵی 1979، بەشێک لە ئەندامانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان جیابوونەوە و پەیوەندییان بە پارتی سۆسیال دیموکراتەوە کرد، یەکێک لەو ئەندامانەش محەمەدی حاجی مەحمود، سەرۆکی ئێستای ئەو حیزبە بوو.

پارتی سۆسیال دیموکرات لەسەرەتای دامەزراندییەوە تاوەکو ئێستا حەوت کۆنگرەی بەستووە.

کۆنگرەی یەکەم لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری 1981 لە دۆڵەتوو.

کۆنگرەی دووەمی لە مانگی تشرینی دووەمی 1994 لە شارى هەولێر.

کۆنگرەی سێیەم لە مانگی تشرینی دووەمی 1999 لە سلێمانی.

کۆنگرەی چوارەم لە مانگی کانوونی یەکەمی 2003 لە سلێمانی.

کۆنگرەی پێنجەمی لە مانگی ئابی 2005 لە سلێمانی.

کۆنگرەی شەشەم لە مانگی ئایاری 2011 لە هەولێر.

کۆنگرەی حەوتەمی ئەو حیزبە، مانگی ئایاری 2022 بوو.