شاندی باڵای یەکێتی و پارتی بەشداریی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەن


بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغداد بەڕێوەبچێت، هەریەک لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی بەشداریی دەکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بەرپرسانی باڵای عێراق بەشداریی دەکەن و گفتوگۆ لەبارەی چوونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا دەکەن.

بڕیارە محەمەد شیاع سودانی، لە 15ـى ئەم مانگەدا سەردانی واشنتن بکات و لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆببێتەوە و چەندین دۆسیەی تایبەت بە عێراق و ناوچەکە تاوتوێ بکەن.

هاتنی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق، بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵ8، یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.

لە ماوەی رابردوودا، چەندجارێک شاندی باڵای عێراق و تورکیا لە بەغداد و ئەنقەرە کۆبوونەوە و وەکو ئامادەکاریی بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان.