لە تورکیا خۆپیشاندان دژی بازرگانیکردن لەگەڵ ئیسرائیل بەڕێوەچوو

وێنەی خۆپیشاندانەاکە فۆتۆ: ئاژانسەکان

لە ئیستانبوڵ خۆپیشاندان دژی بازرگانیکردن لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدرا و هێزە ئەمنییەکانیش دەیان خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد. بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانیش مانگی ئازار بڕی هەناردەی تورکیا بۆ ئیسرائیل بەرزبووەتەوە.

لە ناوچەی بەیئۆغڵوی ئیستانبوڵ گروپی "هەزار گەنج بۆ فەڵەستین" خۆپیشاندانێکیان دژی بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامدا و داوایان کرد لەپێناو خەڵکی فەڵەستین، سەرجەم پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئیسرائیل بوەستێندرێت.

لە کۆتایی خۆپیشاندانەکەدا هێزە ئەمنییەکانی تورکیا 43 خۆپیشاندەریان دەستگیرکرد. لەو بارەیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، 38 کەس لەوانەی دەستگیرکرابوون ئازادکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵ پێنج کەسیشیاندا کراوە. هاوکات دوو پۆلیس کە توندوتیژیان بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکارهێناوە، بەشێوەیەکی کاتی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

یەرلیکایا لەبارەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرانەوە رایگەیاندووە، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون سوکایەتییان بە "کەسە گەورەکانی" دەوڵەت کردووە.

لە پاش خۆپیشاندانەکان دیمەنی دەستگیرکردن و پەلاماردانی خۆپیشاندەرێکی ژن لەلایەن ژمارەیەک پۆلیسەوە تۆڕە کۆمەلایەتییەکانی تورکیای تەنی و داوا دەکرێت سەرجەم ئەو پۆلیسانە دەستگیربکرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەو گروپەشی خۆپیشاندانەکەیان کردووە رایانگەیاندووە، یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراوە منداڵێکە.

ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی کۆماریی گەل (جەهەپە) مامەڵەی هێزە ئەمنییەکانی بە پێچەوانەی دەستور و ئازادی ناوبرد و داوای کرد دەستبەجێ خۆپیشاندەرە دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن.

عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دەڤاش رایگەیاند، راستە دەسەڵات نیگەرانە لەوەی رەخنە لە بازرگانیکردن لەگەڵ ئیسرائیل بگیرێت، بەڵام مافی ئەوەی نییە رێگریی لە خۆپیشاندانی خەڵک بکات.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی تورکیا و ئیسرائیل لە ساڵی 2002 بریتی بوو لە ملیارێک و 400 ملیۆن دۆلار و ئەم بڕە لە ساڵی 2022 گەیشتە هەشت ملیار و 900 ملیۆن دۆلار.

لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەمیی کرد. لە نێوان مانگی ئۆکتۆبەری 2023 تاوەکو شوباتی 2024 بڕی هاوردەی تورکیا لە ئیسرائیلەوە 47٪ دابەزی و گەیشتە 584 ملیۆن دۆلار و هەناردەش 28.5٪ دابەزی و گەیشتە یەک ملیار و 868 ملیۆن دۆلار. بەمجۆرەش قەبارەی ئاڵوگۆڕی هەردوولا لەو چەند مانگەدا 34٪ دابەزی و گەیشتە دوو ملیار و 452 ملیۆن دۆلار.

مانگی رابردوو قەبارەی بارزگانی هەردوو وڵات جارێکی دیکە بەرزبووەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی تورکیا قەبارەی هەرناردەی تورکیا بۆ ئیسرائیل بۆ 437 ملیۆن دۆلار بەرزبووەوە، ئەمەش بەرزترین بڕی هەناردەی تورکیا بۆ ئیسرائیلە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا.

بەمجۆرەش قەبارەی بازرگانی لە شەش مانگی رابردوودا گەیشتە سێ ملیار دۆلار و تورکیا بوو بە 15هەمین وڵات کە زۆرترین هەناردەیان بۆ ئیسرائیل هەیە کە بەشی زۆری هەناردەکە نەوت، پۆڵا و چیمەنتۆیە.

لە ماوەی رابردوودا سەرجەم پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا داوایان کرد کۆتایی بە بارزگانی وڵاتەکەیان لەگەڵ ئیسرائیل بهێندرێت و بە گوتەی ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی جەهەپەش، هەندێک لەو کەلوپەلانەی لە تورکیاوە هەناردەی ئیسرائیل دەکرێن، لە دروستکردنی بۆمب و چەکدا بەکاردەهێندرێن.