شەشەمین خەڵاتی کارۆ دەبەخشرێتە گەزیزە عومەر

ئەمساڵ شەشەمین خەڵاتی کارۆ، خولی شانۆنوس و شاعیر "عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاریی" دەبەخشرێتە گەزیزە عومەر، شانۆکار و ئەکتەر و دەرهێنەری ناوداری کورد.

عەتا مەحمود سەرپەرشتیاری خەڵاتی کارۆ بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەمساڵ لەلایەن بۆردی راوێژکاریی ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیریی کارۆ بە هاوبەشی لەگەڵ لیژنەیەکی سێ کەسیی، گەزیزە عومەر بەربژێرکراوە بۆ وەرگرتنی شەشەمین خەڵاتی کارۆ، کە خولی "عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاریی" شانۆنوس و شاعیرە.

عەتا مەحمود گوتی، "خولی ئەمساڵ تایبەتە بە شانۆ، لە پێنج ساڵی پێشوودا پێنج ژانرمان بەسەرکردووە، خولی یەکەم لە بواری شیعردا بوو بۆ فاتیح عیزەدین، خولی دووەم چیرۆک بۆ ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، خولی سێیەم وەرگێڕان بۆ عەبدولکەریم شێخانی، خولی چوارەم لێکۆڵینەوە بۆ حەکیمی مەلا ساڵح، خولی پێنجەم لە بواری رۆماندا بۆ حسێن عارفی رۆماننوس، ئەمساڵ بۆ ساڵی شەشەم گەزیزە بەربژێرکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی کارۆ بەناوی "عەبدولڕەحیم ڕەحمی هەکاریی"ـیەوە، کە یەکەم شانۆنوسی کوردە و خەڵکی باکوور بووە، پێمان خۆشبوو وەک وەفایەک خەڵاتەکە بەناوی ئەوەوە بێت".

لەبارەی هەڵبژاردنی گەزیزەشەوە لەلایەن بۆردی بەڕێوەبردنی ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری کارۆ و ئەندامانی لیژنەوە گوتی، "گەزیزە ناوێکی دیار و چالاکی نێوەندی هونەریی کوردییە، زیاد لە نیوسەدە لە شانۆی کوردیی، وەک ئەکتەر، دەرهێنەر، نووسەر ئامادەیی هەیە، لە چەندین شانۆ و درامای کوردیدا، ڕۆڵی هەبووە، ئەمە جگە لەوەی یەکێک بووە لە مامۆستا و پەروەردەکارانی خوێندکارانی شانۆ، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی سلێمانی.

ئەندامانی لیژنەکەش پێکهاتوون لە هەریەکە، (د.نیگار حەسەیب قەرەداخی - نەمسا،  دێرین حامید – سلێمانی، حەمەسوار عەزیز – هەولێر)، خەڵاتەکەش لەلایەن هونەرمەند "شوان کەمال"ـەوە، بە کوالیتییەکی بەرز دروستکراوە.

سەرپەرشتیاری خەڵاتی کارۆ گوتیشی، " لەپاڵ خەڵاتەکەدا، یەکێک لە کتێبەکانی گەزیزە چاپ دەکەین، کە بەرگی یەکەمی کتێبی بیرەوەرییەکانییەتی کە تایبەتە بە شانۆ، بەناوی کلوە بەفرەکان پەنجەکانم ناتەزێنن".

باسی لەوەشکرد، "لەدوای پشووەکانی جەژن رایدەگەیەنین کەی مەراسیمەکە ساز دەکەین، لەو مەراسیمەدا خەڵات و کتێبەکەی بە تیراژی 500 وەک دیاری ناوەندی چاپ و رۆشنبیریی کارۆ دەبەخشین بە گەزیزە عومەر".

ئەم خەڵاتە لەلایەن ناوەندی چاپەمەنی و رۆشنبیری کارۆوە دەبەخشرێت، کە بۆماوەی شەش ساڵە لەسەر ئەرکی خۆیان بەردەوامە، ساڵانە ژانرێک هەڵدەبژێرن بەمەبەستی بەسەرکردنەوەی نوسەران لە بوارە جیاوازەکاندا، بۆ ئەمساڵیش گەزیزە عومەر وەک نوسەرێکی بواری شانۆ بەربژێرکراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە".