گوتەبێژی یەکێتیی زانایان: ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دینار زەکاتی سەرفیترە و فیدیە هەیە

دیناری عێراقی

گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی رایگەیاند، ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دینار زەکاتی سەرفیترە و فیدیە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی یەکێتیی زانایاندا بڵاویکردووتەوە دەڵێت: بەگوێرەى خەمڵاندن ساڵانە پتر لە 10 ملیار دینار زەکاتی سەرفیترە و فیدیە لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەو پێیەی ئەگەر کوردستان شەش ملیۆن کەس بێت لەناو ئەم رێژەیە 95%ـى موسڵمانە، لانیکەم وەربگرین دەکاتە چوار ملیۆن کەس، کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان سەرفیترە دەدەن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، "ئەمساڵ بۆ هەر نەفەرێک دوو هەزار و 500 دینار دیاریکراوە، کەواتە چوار ملیۆن لێکدانی دوو هەزار و 500 دینارى بکەیت دەکاتە 10 ملیار دینار، ئەمە وێڕای سەدان ملیار دینار زەکاتی پارە، زێڕو زیو و بابەتەکانی دیکە، کەچی لە ئاست ئەو بڕە پارە زەبەلاحە کەمتر هەست بە گۆڕانکاریی دۆخی هەژاران دەکرێت".

گوتەبێژی یەکێتیی زانایان پێیوایە، نەبوونی هۆشیاری پێویست لەبارەی زەکات لە چوارچێوەی شەریعەتی ئیسلام و مەبەستە گرنگەکانی زەکاتدان، لە بوژاندنەوەی ئابووری و گەشەی کۆمەڵایەتی و باشکردنی دارایی خەڵک بووەتە هۆى ئەوەى هەژارەکان سوود لە زەکات نەبینن و دەڵێت، خەڵک هەیە رەنگە ملیۆنێک زەکات بداتە 30 کەس، کە کەسیان سوود لەو بڕە پارە کەمە نابینن بۆ تێپەڕاندنی قەیران یاخود دۆخی هەژاریی خۆیان.

بەبڕوای مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی، "نەبوونی سندوقی زەکات و لیژنەیەکی نمونەیی بۆ سەرپەرشتی و کۆکردنەوەی داهاتی زەکات و بەخشینەوەی بەسەر هەژاران، بە سیستم و شێوەیەکی رێکوپێک و لە ئاست خواست و مەبەستە باڵاکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام، بۆ ئەوەی لانی کەم ساڵانە 500 تاوەکو هەزار ماڵی کەمدەرامەت لە نەداری و هەژاری رزگار بکرێن، هۆکارە بۆ ئەوەی زەکات دۆخی هەژاران ناگۆڕێت".