بەڕێوەبەری چاکسازییەکان: داوامانکردوە ئەو زیندانییانەی نەخۆشن یان تەمەنیان لەسەرووی 70 ساڵەوەیە ئازادبکرێن

پاسەوانێک دەرگای یەکێک لە زیندانەکانیەکان دەکاتەوە.

بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، داوایان کردووە، ئەو زیندانییانەی نەخۆشن یان تەمەنیان لەسەرووی 70 ساڵەوەیە یان ئەو مندڵانەی تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 13 ساڵاندایە ئازادبکرێن.

ئیحسان عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، دەنگۆی ئەوە هەیە کە عێراق لێبووردن بۆ ژمارەیەک لە زیندانییەکانی دەردەکات، ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەوا هەرێمی کوردسان ناگرێتەوە و دەبێت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لێبووردن بۆ زیندانیان دەربکات.

گوتیشی، بە نووسراوی فەرمی داوامان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کردووە کە لێبووردن بۆ ئەو زیندانییانە دەربکات کە تەمەنیان لە سەرووی 70 ساڵەوەیە یان ئەوانەی نەخۆشن، یان ئەو منداڵانەی تەمەنیان لەنێوان 11 بۆ 13 ساڵدایە، بەمەرجێک تاوانەکەیان تیرۆر و ماددەی هۆشبەر نەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامی داواکارییەکەمان نەدراوەتەوە.

بە گوتەی ئیحسان عەبدولرەحمان، تاوەکو ئەمڕۆ 5 هەزار و 327 زیندانی لە شەش چاکسازییەکەی هەرێمی کوردستاندا هەن کە دادگا سزای داون و 20٪ زیندانییەکان بە تاوانی تیرۆر سزادراون و 20٪ـیشیان بە تاوانی بازرگانی و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر سزداراون و ژمارەیان هەزار و 249 کەسە.