سەرچاوەیەک بۆ شەرقلئەوسەت: ئێران بڕیاریداوە ئیدی هەولێر نەکاتە ئامانج

ماڵى وێرانبووى پێشڕەو دزەیى، ئەو بازرگانەى شارى هەولێر لە بۆردوومانەکەى ئێران گیانیلەدەستدا. فۆتۆ: کەناڵ8

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی راگەیاندووە، لە ئەنجامی داواکاری لایەنە شیعەکان، بەرپرسانی ئێران رازیبوون لە تۆڵەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵگەرییەکەیان، هەرێمی کوردستان و هەولێر نەکەنە ئامانج. 

بەگوێرەی سەرچاوەکە، "داواکراوە هەولێر لە لیستی ئەو شوێنانە دەربهێنرێت کە لەلایەن ئێرانەوە بە ئامانج دەگیرێن، چونکە ئەگەر دووبارە هەولێر بە ئامانج بگیرێت، ئەوا مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەکشێتەوە و ئەمەش کێشە بۆ پرۆسەی سیاسی و ئارامی عێراق دروستدەکات".

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران ئاگربەستێکی رانەگەیەندراویان لەگەڵ ئەمریکا هەیە و نایانەوێت هیچ هێرشێک بکرێتەسەر بنکە ئەمریکییەکان و هاوپەیمانەکانی لە عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ناوەڕاستی کانوونی دووهەمی 2023دا، ئێران بە بیانوی هێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بە مووشەک بۆردوومانی شاری هەولێری کرد و بەوهۆیەشەوە بازرگانێکی خەڵکی شارەکەی بە ناوی پێشڕەو دزەیی و کچێکی و میوان و کارگوزارێکی ماڵەکەی گیانیانلەدەستدا، هاوژین و دوو منداڵی دیکەیشی برینداربوون و ئەمەش کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا.