خامنەیی بە چەکەوە گوتاری جەژنی پێشکەشکرد

عەلی خامنەئی، لەكاتی گوتاردانی نوێژی جەژن.

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە کاتی پێشکەشکردنی گوتاری نوێژی جەژن، ئایەتوڵا عەلی خامنەيی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە دەستی چەپی چەکێکی رووسیی جۆری نیشانەشکێن (قەناس - دراگۆنۆڤ)ی پێبوو، ئەوەش کاردانەوەی میدیایی بەدوای خۆیداهێنا.

ئەگەرچی لەساڵی 2019ەوە چەند جارێک عەلی خامنەيی ئەو چەکەی بەدەستیەوە گرتووە کاتێک گوتاری ئاینی پێشکەشکردووە، بەڵام هەڵگرتنی ئەو چەکە واتا و لێکدانەوەی جیاجیای بۆ دەکرێت.

لەساڵی 2019 کاتێک جاریرد کۆشنێر، زاوای دۆناڵد ترەمپ سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد بۆ واژۆكردنی "رێکەوتنی سەدە" و قایلکردنی وڵاتانی ئیسلامی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، لەو کاتەدا ئێران هەستی بە مەترسی کرد و هەوڵی بە ئامانجگرتنی ئەو هەوڵانەی خستەگەڕ.

رۆژی 5ـی حوزەیرانی 2019، عەلی خامنەئی لەکاتی پێشکەشکردنی گوتاری نوێژی جەژنی رەمەزان، بەهەمان شێوە هەمان چەکی نیشانەشکێن (قەناس)ی بەدەستیەوە گرتبوو، پەنجەی تۆمەتی بۆ سعودیە، بەحرەین و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژکرد کە پلانی ئەمریکا دەهێننە ناوچەکەوە و گوتی: "ئێران رێگە بەو جۆرە پلانانە نادات".

هاوکات، ئەمڕۆش لەکاتی پێشکەشکردنی گوتاری نوێژی جەژنی رەمەزان، چەندین هەڕەشەی ئاڕاستەی ئیسرائیل و ئەمریکا کرد و گوتی: "ئیسرائیل کاتێک باڵیۆزخانەی ئێرانی لە دیمەشق بۆردوومانکردووە، ئەوە دەستدرێژیی کردووەتە سەر خاکی ئێران".

هەروەها گوتی: "ئیسرائیل دەستدرێژیی کردووە و دەبێت سزابدرێت".

لە گوتارە ئاینییەكاندا گوتارخوێن سونەتێك زیندوو دەكەنەوە بە بەدەستەوەگرتنی داردەستێك یاخود شمشێرێك، بەڵام بەدەستەوەگرتنی هەندێك جۆری چەك مانا و لێكدانەوەی دیكە لەخۆدەگرێت.

میدیای فەرمی ئێران هیچی لەبارەی تایبەتمەندییەکانی ئەو چەکە و هۆکاری هەڵگرتنەکەی تاوەكو ئێستا نەخستووەتەڕوو، بەڵام رۆژنامەنوس عەبدولباری عەتوان، لە نووسینێکی پێشتریدا ئاماژەی بەوەکردووە، هارکاتێک عەلی خامنەیی ئەم جۆرە چەکە بگرێت بەدەستییەوە، مەبەستی ئەوەیە "پلانێکی گەورەی هەیە بۆ تۆڵەکردەنەوە و ناردنی پەیامی هەڕەشەئامێز" بۆ نەیارەکانی.

قەناسی دراگۆنۆڤ:

قەناسی دراگۆنۆڤ، چەکێکە لەلایەن یەک کەسەوە بەکاردەهێنرێت، لەلایەن یەڤگینی دراگۆنۆڤ لەسەردەمی یەکێتیی سۆڤیەت دیزاین کراوە، بە نزیکەیی 60 ساڵە لەلایەن زۆرینەی سوپای وڵاتانی جیهانەوە بەکاردەهێنرێت.

دراگۆنۆڤ لەکاتێکدا بەرهەمهێنرا کە هەڕەشەکانی پێکدادان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و یەکێتی سۆڤیەت لە لوتکەدا بوو، بەوپێیەی سوپای ناتۆ بە خێرایی خۆی پڕچەکدەکرد بە چەکی ئۆتۆماتیکی و مامناوەند.

چەکی دراگۆنۆڤ، لە کوردستان بە "قەناس" ناسراوە و زیاتر وەکو چەکی نیشانشکێنە، لەهەندێک کەشوهەوا و دۆخدا لە دووریی 3 بۆ 6 کیلۆمەتر بەگوێرەی جۆری فیشەکە و تەقەمەنییەکەی نیشانە دەپێکێت.

چەکی دراگۆنۆڤ بە فەرمی لەلایەن سوپای 30 وڵاتی جیهانەوە بەکاردەهێنرێت و گولـلەکەی 7.62 میلیمەترە و زۆر بەووردی نیشانە دەپێکێت.