کۆمپانیای لوفتانزا، کە گەورەترین کۆمپانیای بواری فڕۆکەوانی ئەڵمانییە، راگرتنی گەشتەکانی بۆ تارانی پایتەختی ئێران راگەیاند و گوتیان دۆخی هەنوکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیانە.
کۆمپانیای لوفتانزا راگەیەنراوێکی لەوبارەوە بڵاویکردوەتەوە، تیایدا هاتووە، کە پاش هەڵسەنگاندنی ورد، بڕیاردراوە گەشتەکانی رۆشتن و گەڕانەوە بۆ تارانی پایتەختی ئێران بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت و لەئەگەری نوێکردنەوەی بڕیارەکەدا راگەیەندراوی دیکەیان دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەلامەتی میوانەکان و تیمەکانی فڕۆکەوانی لە پێشینەی کارەکانی کۆمپانیای لوفتانزادایە.
گوتەبێژی هێڵە ئاسمانییەکە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی 'فاز'ی ئەڵمانی، دەربارەی هۆکاری راگرتنەکە گوتویەتی: دۆخی هەنوکەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیانە.
لە ساڵانی رابردوودا، لوفتانزا چەندین جار گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ تاران راگرتووە، بەتایبەتی لەدوای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی پەیوەست بە کوژرانی ژینا ئەمینییەوە، هەروەها دوای هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکان بۆ سەر شاری ئەسفەهان.