میدیای ئێران لەبارەی راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە تاران روونکردنەوە دەدات

فڕۆکەخانەی تاران

میدیای فەرمیی ئێران رەتیدەکاتەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە تاران راگیرابێتن و دەڵێت، ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە.

بەشی عەرەبی ئاژانسی میهری نیمچە فەرمی ئێران لە راپۆرتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردەوە، بەهۆی راهێنانی سەربازییەوە گەشتە ئاسمانییەکان لە تاران رادەگیرێن، بەڵام پاش کەمێک لە بڵاوکردنەوەی راپۆرتەكە سڕدرایەوە.

دواتر ئاژانسەكە لە روونکردنەوەیەکدا رەتیکردەوە، گەشتە ئاسمانییەکان رابگیرێن و رایگەیاند، هەواڵی لەو جۆرەیان بڵاونەکردووەتەوە و ئەوەی بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە.

لە پاش بڵاوبوونەوەی دەنگۆی داخستنی ئاسمانی تاران بەڕووی گەشتە ئاسمانییەکاندا، کۆمپانیای لوفتانزا  کە گەورەترین کۆمپانیای بواری فڕۆکەوانی ئەڵمانییە راگەیەندراوێکی لەوبارەوە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتبوو، پاش هەڵسەنگاندنی ورد بڕیاردراوە گەشتەکانی رۆشتن و گەڕانەوە بۆ تارانی پایتەختی ئێران بەشێوەیەکی کاتی رابگرێت، لەئەگەری نوێکردنەوەی بڕیارەکە راگەیەندراوی دیکەیان دەبێت.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، سەلامەتی میوانەکان و تیمەکانی فڕۆکەوانی لە پێشینەی کارەکانی کۆمپانیای لوفتانزادایە.

هاوكات، گوتەبێژی هێڵە ئاسمانییەکە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی فازی ئەڵمانی، دەربارەی هۆکاری راگرتنەکە گوتویەتی، دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیانە.