وردەکاریی یاسای نوێی کۆچ و پەنابەرێتی لە یەکێتیی ئەوروپا

ژمارەیەک کۆچبەر لە کەناڵی ئینگلیز. فۆتۆ: Getty Images

دوای هەشت ساڵ لە گفتوگۆی ئاڵۆز و بەردەوام لە نێوان هەر 27 دەوڵەتەکەی یەکێتیی ئەوروپا، پەرلەمانی ئەوروپا زنجیرەیەک گۆڕانکاریی ریشەیی لە یاسای پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا پەسەندکرد.

ئامانج لەو هەنگاوەش، توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییە  لە یەکێتیی ئەوروپا و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی دەرەوەی یەکێتییەکەیە.

گۆڕانکارییەکان کە بە پەیماننامەی کۆچ ناسراوە، لە هەشت یاسا پێکهاتووە بەمەبەستی کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەیە کە روو لە ئەوروپا دەکەن.

بە گوێرەی ئاژانسی سەرژمێریی یەکێتیی ئەوروپا (یۆرۆستات) ژمارەی داخوازیی مافی پەنابەرێتی لە ساڵی رابردوودا لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا گەیشتووەتە ملیۆنێک و 14 هەزار داوا، ژمارەکەش لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، دیارە ئەو ژمارە زۆرەش بە هیچ شێوەیەک ئەو چوار ملیۆن پەنابەرەی ئۆکرانیا ناگرێتەوە کە ساڵی 2022 بەهۆی شەڕی وڵاتەکەیانەوە روویان لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە.

بە گوێرەی یاسا نوێیەکە، لە سەرەتاوە ناسنامەی ئەو کەسانە دیاریدەکرێت کە وەک کۆچبەری نایاسایی لەڕێگەی دەریا، وشکانی یاخود ئاسمانییەوە دەگەنە ئەوروپا و داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن، پرۆسەکەش لە ماوەی حەوت رۆژدا تەواودەکرێت و ناوەکانیان تۆماری (یۆرۆداک) بەشێوەی بایۆمەتری تۆماردەکرێت.

لەکاتی گەیشتی کۆچبەرە نایاساییەکان بە ناوچە سنورییەکان، بۆ ماوەی 12 هەفتە لە سنوورەکان رادەگیرێن، ناوەندی هێشتنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە وڵاتانی یۆنان، ئیتالیا، ماڵتا، ئیسپانیا، کرواتیا و قوبرس بونیاد دەنرێن، هەر ناوەندێکی هێشتنەوەی کۆچبەران لەو وڵاتانە دەتوانرێت نزیکەی 30 هەزار کەسیان تێدا بهێڵرێتەوە.

لە دوای ئەو رێوشوێنانەی پێشوو، دەستدەکرێت بە گواستنەوەی هەندێک لەو کەسانەی کە داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە بۆ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، بە تایبەت ئەوانەیان کە هەلی ئەوەیان هەیە مافی پەنابەرێتییان پێبدرێت، بەڵام ئەو وڵاتانەی کە خواستی وەرگرتنی ئەو کەسانەیان نییە، وەک وڵاتانی مەجەر، پێویستە لەسەریان بەلایەنی کەمەوە بڕێک پارە یان کەلوپەل و کارمەند، بۆ ئەو وڵاتانەی دیکە تەرخان بکەن کە لە یەکەم رۆژەوە لە سنوورەکانیان پێشوازی لە کۆچبەران دەکەن.

لە رابردوودا و تەنانەت تاوەکو ئێستاش، ئەو کەسانەی کە هاتوونەتە وڵاتەکانی وەک یۆنان و ئیتالیا و داوای مافی پەنابەرێتییان کردووە، راستەوخۆ گواستراونەتەوە بۆ ئەڵمانیا، نەمسا، فەڕەنسا، هۆڵەندا و بەلجیکا بەڵام ئەوانەی داوای وەرگرتنی مافی پەنابەرێتییان رەتکراوەتەوە، پێویستە لەسەر ئەو وڵاتانەی کە یەکەمجار پێشوازییان کردووە (بە نموونەی ئیتاڵیا و یۆنان) پابەندکراون بە گێڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە، چونکە هەر ئەوان بەرپرسن لە دۆسییەکانیان.

سەرەڕای ئەوەی ئێستا ئەو رێوشوێنانە پەیڕەو ناکرێن، بەڵام بە گوێرەی پەیماننامە نوێیەکە، جارێکی دیکەی پێداچوونەوە بە بنەماکاندا دەکرێت، کۆمەکی کۆچی ناوخۆیی لە ئەوروپا زیاتر دەبێت، لەو رێگەیەشەوە خزمەتگوزاری و مەرجەکانی پێشوازیکردن یەکدەخرێت لە سەرانسەری وڵاتانی ئەوروپا بۆ ئەوەی سەرنجی کۆچی ناوخۆیی زیاتربێت لە نێوان خودی وڵاتانی یەکێتییەکەدا.

بە گوێرەی یاسا نوێیەکەی کۆچ و پەنابەریی یەکێتیی ئەوروپا، لەمەودوا بە خێراییەکی زیاتر، ئەو کۆچبەرانە دیپۆرت دەکرێنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان، یان ئەو وڵاتەی لێوەی پەڕیوونەتەوە، ئەگەر زانرا وڵاتەکانیان لە لیستی ئەو وڵاتانەن کە بە ئارام دەستنیشانکراون.

بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەش، یەکێتیی ئەوروپا لە هەوڵی رێککەوتننامەی زیاتر دەبێت لەگەڵ وڵاتانی سێیەم، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو کۆچبەرانە دیپۆرتبکرێنەوە کە لە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی بێبەشدەکرێن یان رەتکردنەوەیان بۆ دێتەوە، بۆ نموونە بەمدواییانە لەگەڵ وڵاتی تونس رێککەوتنێکی لەو شێوەیە واژۆ کراوە بە گێڕانەوەی هاوڵاتییەکانی، لە بەرامبەردا بڕێک هاوکاریی ئابووری وەربگرێت.

بە گوێرەی یاسا نوێیەکەی کۆچ لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، لە داهاتوودا هێزی پاسەوانی یەکێتیی ئەوروپا دەتوانن هەموو ئەو کەسانە ناونووس بکەن کە دەچنە سنورەکانی وڵاتانی یەکێتییەکەوە، سەرجەم زانیارییە کەسییەکانیان لە تۆماری بایۆمەتریی یەکێتیی ئەوروپا تۆمار دەکرێت و دەسەڵاتدارانی یەکێتیی ئەوروپا لەسەرانسەری کیشوەرەکەدا دەتوانن بەکاریبهێنن، ئامانج لەو کارەش دیاریکردنی ئەو کۆچبەرەیە کە لە یۆنان رەتکردنەوەی بۆ هاتووەتەوە و جارێکی دیکە لە وڵاتێکی دیکەی یەکێتیی ئەوروپا داخوازیی پێشکەشکردووەتەوە، یان بە چەند وڵاتێکی دیکەدا گەشتیکردووە، ئەو رێوشوێنەش کارئاسانی دەکات بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کەسانە، بۆ یەکەم وڵات کە لێوەی هاتوون بۆ یەکێتیی ئەوروپا و لەوێشەوە بۆ وڵاتەکەی خۆی.

بۆ توندکردنی رێوشوێنەکان، لە ساڵی 2015ـەوە چەندین هەوڵدراوە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی هاتنی کۆچبەران بکرێت، بەڵام رێوشوێنەکانی پێشتر کە پشتی بە وەرگرتنی پەنجەمۆر دەبەست، کەلێن و کێشەی تەکنیکی زۆر بوو، بۆیە ئێستا کارکراوە لەسەر دانانی داتابەیسێکی بایۆمەتری کە سەرجەم زانیارییەکانی کۆچبەرانی تێدا تۆماردەکرێت.

ئەو کەسانەی پشتگیریی رێوشوێنە نوێیەکانی کۆچ دەکەن لە ئەوروپا، بۆچوونیان وایە رێوشوێنەکان توند و بەهێزن و دەبێتە خێراترکردنی پرۆسەی دیپۆرتکردنەوەکان، ئەوەش کاریگەرییەکی درێژمەودای دەبێت، بەو پێیەش لەمەودوا کۆچبەران دەزانن کۆچی نایاسایی بە ئاڕاستەی وڵاتانی ئەوروپا، هیچ ئەنجامێکی دڵنیاکەری نابێت، لە کۆتاییشدا کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی دیاردەی کۆچ، چونکە بەگوێرەی یاسا نوێیەکە هەلی مانەوەی لە وڵاتانی یەکێتییە لاواز دەبێت ئەگەر رێوشوێنی یاسایی پەیڕەوکراوی تیا نەگیرابێتەبەر.

بەڵام ئەوانەی رەخنە لە یاسا نوێیەکە دەگرن، بۆچوونیان وایە وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا کەمدەبێتەوە، چونکە ئەوانەش کە پێویستیان بە پاراستن هەیە، لە داهاتوودا دەستیان ناگات بە ئەوروپا، بۆیە دیاردەی هەڵاتن لە وڵاتانەکانیان و خنکان لە دەریای ناوەڕاستدا هەر بەردەوامدەبێت.

لە دوای پەسەندکردنی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر یاساکە، جێبەجێکردنی بنەماکانی یاسای نوێی کۆچ لە هەر 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپا پێویستی بە دوو ساڵە بۆ ئەوەی بە تەواوی روونبێتەوە کە ئایا رێوشوێنەکان بوونەتە مایەی کەمکردنەوەی داخوازیی مافی پەنابەرێتی لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا یاخود نا.

هەر لەو ناوەندانەی هێشتنەوە، ئەو کەسانە دەستنیشان دەکرێن، کە بڕیارە دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بێئەوەی هیچ پشکنینێکی زیاتریان بۆ بکرێت، ئەو هەنگاوەش کاریگەریی لەسەر ژمارەیەکی زۆری کۆچبەران دەکات.