فیلمێک پێشبینی بۆ جەنگی ناوخۆی ئەمریکا دەکات

فیلمێکی نوێ، پێشنیاز بۆ نزیکبوونەوەی جەنگی ناوخۆی ئەمریکا دەکات و سەرنجی رەخنەگران بەلای خۆیدا رادەکێشێت.

فیلمی "Civil War"، کە لە دەرهێنانی ئالێکس گارلاندە و کۆمپانیای A24 بەرهەمیهێناوە، بەم نزیکانە لە هۆڵەکانی نمایشی ئەمریکا نیشاندەدرێت و تاوەکو ئێستا لەلایەن رەخنەگرانی فیلمەوە بە بەرهەمێکی باش ناوەزەند کراوە.

ناوەڕۆکی ئەم فیلمە، باس لە داهاتووی ئەمریکا دەکات لەژێر قەیرانی دابەشبوون و بەرەنگاربوونەوەی هێزە ناوخۆییەکاندا، کەسایەتییەکی سیاسیی لە دیکتاتۆر چوو، دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و بەرەی بەرەنگاربوونەوەش هەڵ بۆ ئازادکردنی وڵات دەدەن، ژمارەیەک لە پەیامنێر و رۆژنامەنووسان، بە ویلایەتەکاندا تێدەپەڕن و رووداوەکان تۆمار دەکەن.

لە هەناوی ئەم فیلمەدا، پەیامێکی سیاسیی بوونی هەیە، کە کەشی راستەقینەی ئەمریکای داپۆشیوە و رەخنەگر و بینەران پێکڕا جەخت لەوە دەکەنەوە: بڵاوبوونەوەی ئەم فیلمە لە سەروبەندی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، پەیامێکی هەستیار و زەنگێکی ئاگادارکەرەوەیە.

وەکو کەناڵی سی ئێن بی سی ئەمریکی ئاماژەی پێدەدات؛ دۆخی سیاسیی ئەمریکا روو لە گەرمبوون و هەڵچوونە، ململانێی نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ، دۆخەکە بەرەو دابەشبوون دەبات و بڵاوبوونەوەی فیلمێکی لەم چەشنە مەترسییەکان قووڵدەکاتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، گارلاندی دەرهێنەر، پێنج ساڵ لەمەوبەر سیناریۆی ئەم فیلمەی داڕشتووەتەوە، وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، ساتی نمایشکردنەکەی هیچ پەیامێکی سیاسیی و پێشنیازێکی دیاریکراو لەخۆناگرێت، ساڵانێکی زۆرە ناوەڕۆکی جەنگی ناوخۆ و دابەشبوونی بەرەکانی ئەمریکا پرس و بۆچوونی بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی وڵاتەکە بووە.

ئەم دەرهێنەرە 53 ساڵە، جەخت لەوەش دەکاتەوە، فیلمی جەنگی ناوخۆ، تەنها سەربارەت بە ئەمریکا نییە، بەڵکو دۆخی ئەو وڵاتە دەگێڕێتەوە، کە بەدەست دابەشبوون، دەسەڵاتخوازیی و توندڕەویی دەناڵێنێت و ئەمەش بەسەر هەموو حوکمڕانییەکدا دەچەسپێت.

لە بەرهەمهێنانی فیلمی جەنگی ناوخۆدا، کۆمپانیای ئەی24، 50 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە، لەکاتێکیشدا بانگەشەکان بۆ راکێشانی سەرنجی بینەران دەستیانپێکردووە، لە ناوەڕۆکدا سروشتێکی سیاسییان پێوە دیارە و رەخنەگران وەکو پێشبینیکردنی داهاتووی لێکدەدەنەوە.

جەنگی ناوخۆ، بڕیارە هەینی داهاتوو لە ئەمریکا دەست بە نمایشی بکات و لە سەرانسەری هۆڵەکانی سینەماشدا پێشوازیی لە بینەرانی دەکات، فیلمەکە بەنزیکەی دوو کاتژمێرە و هەریەک لە ئەکتەران، کریستین دەنست، ڤاگنەر مۆرا و جێسی پلێمۆنس، رۆڵی سەرەکییان تیادا گێڕاوە.