هێرشی ئێران بۆسەر ئیسرائیل دەستیپێکرد

میدیای ئیسرائیل رایانگەیاند، ئێران لە رێگەی دەیان درۆنەوە هێرشی بۆسەر ئیسرائیل دەستپێکرد.

2024-04-14 کاتژمێر 03:24

سەرۆکی ئەمریکا: ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکەم

ئارام غەفور

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: "یارمەتیی ئیسرائیلماندا لە خستنەخوارەوەی زۆرینەی درۆن و مووشەکەکانی ئێران".

جۆ بایدن گوتی: "بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە پەیامێکی روونە بۆ دوژمنەکانی".

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند "لەگەڵ سەرکردەی وڵاتانی گرووپی7 سەبارەت بە هێرشەکەی ئێران گفتوگۆ دەکەم".

گوتیشی: "پەیوەندیم بە نەتەنیاهو کرد و جەختم لە پابەندبوونی ئەمریکا بۆ یارمەتیدانی ئیسرائیل کردەوە".

لەبارەی هێرشەکانی شەممەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، بەرپرسانی تەلئەڤیڤ دەڵێن: "ئێران بە 185 درۆن و 36 مووشەکی کرووز و 110 مووشەکی بالیستی هێرشی کردەسەر وڵاتەکەمان".

2024-04-14 کاتژمێر 00:53

دانیاڵ هەگاری: هێرشەکانی ئێران تەنیا کچێکی بچووکی بریندار کردووە

وەرزێر خالید

لەبارەی زیانەکانی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر وڵاتەکەی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، چەند مووشەکێکی ئێران لەناو خاکی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

دانیال هەگاری- گوتەبێژی سوپای ئیسرارئیل رایگەیاند "رژێمی ئێران بەشێوەیەکی فراوان هێرشی کردووەتە سەرمان، کە لە زیاتر لە 200 درۆنی خۆکوژ و چەندین مووشەکی کروز و بالیستی پێکهاتووە".

گوتیشی: "پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری ناوچەکەدا لەم ساتەدا هەماهەنگی دەکەین بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەمان و تاوەکو ئێستا زۆرینەی مووشەکەکانی ئێرانمان بەرپەرچداوەتەوە".

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل دەڵێت: "ژمارەیەک مووشەکی ئێران لەخاکی ئیسرائیل کەوتوونەتە خوارەوە، بووەتەهۆی زیانێکی کەم بە بنکەیەکی سەربازیمان، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە، تەنیا کچێکی پچووک بریندار بووە و هیوادارین زوو بگەڕێتەوە ژیانی ئاسایی خۆی".

2024-04-13 کاتژمێر 23:24

چەند تەقینەوەیەک سووریای هەژاند

ئارام غەفور

دوای ئەوەی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک هێرشیکردەسەر ئیسرائیل، دەنگی چەند تەقینەوەیەکی بەهێز لە دیمەشقی پایتەختی سووری بیسترا.

لە دەوروبەری کاتژمێر 1:45 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 14ی نیسان، (22:45 GMT) دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە پایتەختی سووریا بیستراوە، بەبێئەوەی وردەکاریی زیاتر بزانرێت.

2024-04-13 کاتژمێر 22:02

وەزیری بەرگریی ئێران هەڕەشە دەکات

ئارام یونس

وەزیری بەرگریی ئێران هۆشداریی دەدات بە هەر وڵاتێک کە رێگە بە بەکارهێنانی ئاسمان و خاکەکەی بدات دژی بە وڵاتەکەی.
ئاژانسی میهر لە زاری وەزیرى بەرگریی ئێرانەوە بڵاویکردووەتەوە "هەر وڵاتێک رێگە بە بەکارهێنانی ئاسمان و خاکەکەی بدات لەلایەن ئیسرائیلەوە دژ بە ئێران، ئەوا رووبەڕووی وەڵامێکی تووندی تاران دەبێتەوە".
ئەو هەڕەشەیەی وەزیریی بەرگریی ئێران لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران هێرشێکی فراوانی لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.
هێرشەکەی سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل، لە کاردانەوەی بۆردوومانکردنی کونسڵخانەی وڵاتەکەیەتی لەلایەن ئیسرائیلەوە لە دیمەشق.

2024-04-13 کاتژمێر 21:37

گەشتى فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى راگیران

جەبار حسێن
فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر
فڕۆکەخانەکانی سلێمانی و هەولێر

دوای ئەوەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بڕياریدا گەشتە ئاسمانییەکان رابگرێت، هاوکات هەردوو فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش گەشتەکانیان راگرت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ى نیسانى 2024، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بەهۆىە نائارامى ئاسمانى عێراق و گرژى سەربازى لە ناوچەکەدا، بڕیاردرا بۆ ماوەیەکى کاتى گەشتى فڕۆکەخانەکانى هەولێر و سلێمانى رابگیرێن".

شەو شەممە، 13ى نیسانى 2024، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان هاتن و چوونیان لە ئاسمانی وڵات راگرتووە".

ئەوەش دواى ئەوەدێت، سوپای پاسدارانی ئێران لە وەڵامی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کۆنسوڵخانەى ئێران لە سووریا، ئۆپەراسیۆنێکیان بە درۆن و مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.

2024-04-13 کاتژمێر 21:17

سوپای پاسداران: بە مووشەک و درۆن هێرشمان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد

جەبار حسێن
ژمارەیەک مووشەکی کرووز
ژمارەیەک مووشەکی کرووز

سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرایدەکات، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە هێرشیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکردووە.

سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت "لە کاردانەوەی بۆردوومانی کونسوڵخانەی وڵاتەکەیان لە دیمەشق لەلایەن ئیسرائیلەوە، هێزی ئاسمانی سوپای پاسدارانی ئێران، لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە، هێرشی بۆ سەر چەند ئامانجێکی دیارییکراوی لە خاکی ئیسرائیل دەستپێکردووە".

رۆژی 1ی نیسانی 2024، کونسڵخانەی ئێران لە شارى دیمەشق بۆردومانکرا و بەهۆییەوە دوو سەرکردەی سوپای پاسداران و ژمارەیەک راوێژکارى سەربازیی ئێران کوژران.

دانیێل هاگاری، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل: درۆنە ئێرانییەکان چەندین کاتژمێریان دەوێت تا دەگەنە ئیسرائیل، پێش کەوتنە خوارەوەی دەیانتەقێنینەوە.

هاوکات سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە "سیستمی بەرگریی وڵاتەکەمان بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکان ئامادەیە، بەڵام مەرج نییە بتوانرێت سەرجەم درۆنەکان بخرێنە خوارەوە".

بەرپرسانی ئیسرائیل بە ئاژانسی فەرمی ئیسرائیلیان راگەیاند درەنگانی شەوی شەممە، 13ی نیسانی 2024 ئێران بە دەیەها درۆن هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد.

بە گوتەی کەناڵی 12ی ئیسرائیل، دەیەها درۆن لە ئێرانەوە بەرێگاوەن بۆ ئیسرائیل و پێدەچێت تا دەگەنە ئیسرائیل.

ئاژانسەکانی ئێرانیش رایانگەیاند، کە تاران نزیکەی 50 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگییان بە ئاراستەی ئیسرائیل هەڵداوە.

لە کاتێکی پێشووشدا، راپۆرتە رۆژنامەوانیەکانی ئیسرائیل لەرێگەی پێگەی 'ئەکسیۆس'ی ئەمریکیەوە بڵاویانکردەوە، کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەستیانپێکردووە.

شایەتحاڵەکان بە ئاژانسە جیهانیەکانیان راگەیاندووە، کە لە ئاسمانی پارێزگاکانی میسان و ناسرییە لە عێراق درۆن بینراون، کە بە خێراییەکی نزم فڕیوون.

راگەیەندراوی کۆشکی سپی لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل

کۆشکی سپی رایگەیاند "پێدەچێت هێرشی درۆنیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل چەند کاتژمێرێک بخایەنێت و جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا هاوشانی تەلئەڤیڤ دەوەستێت".

ئادرین واتسۆن، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی رایگەیاند، "پێدەچێت ئەم هێرشە چەند کاتژمێرێک بخایەنێت"، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا لە تەک گەلی ئیسرائیل دەوەستێت و لە بەرامبەر ئەم هەڕەشە ئێرانییانەدا پاڵپشتی لە بەرگریکردن لەو وڵاتە دەکات".