سەرۆکی زانکۆی کوردستان: داهاتی ناوخۆی زانکۆکەمان گەیشتە 54 ملیار تمەن

زانکۆی کوردستان لە سنە.

سەرۆکی زانکۆی کوردستان رایگەیاند، لە ساڵی 2023 بودجەی گشتی زانکۆی کوردستانی سنە بەڕێژەی 61.35٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە 436 ملیار تمەن هەروەها داهاتی تایبەت و ناوخۆی زانکۆکەش بۆ 54 ملیارتمەن زیادیکردووە.

د.حەمەد قادرزادە، سەرۆکی زانکۆی کوردستان رایگەیاند، داهاتی تایبەتی زانکۆی کوردستان لە ساڵی 2023 زیادیکردووە گەیشتووەتە 54 ملیارد تمەن. هەروەها کۆی گشتی بودجەی تەرخانکراویش بۆ زانکۆکە لە هەمان ماوە گەیشتووەتە 436 ملیار تمەن.

دەشڵێت: لە رووی بودجەوە لە ریزی حەوت زانکۆی یەکەمی ئێراندایە و خەرجی ساڵانەشی  گەیشتووەتە 588.7 ملیار تمەن، پێشبینیش دەکرێت ئەم رێژەیەکە لە ساڵانی داهاتوو زیاتر بێت.

سەرۆکی زانکۆی کوردستان ئاماژەیبەوەشکرد، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی زانست و توێژینەوە و تەکنەلۆجیا لە ساڵی 2023، پلەی "A"مان لە بواری توێژینەوەی 4 گۆڤاری زانکۆ وەرگرتووە، هەروەها 24 کەسمان لە بواری دکتۆرا دامەزراوە.

زانکۆی کوردستان گەورەترین زانکۆی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە، ئێستا سێ هەزار و 280 خوێندکار لە 43 بواری جیاوازدا تیایدا دەخوێنن، لەو ژمارەیە 74 خوێندکاریان بیانیین کە %2 خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە خۆدەگرن.

زانکۆکە لە نێوان ساڵانی 2007-2008 وەک هەشتەمین زانکۆی باڵای ئێران لەپلەی یەکەمەکاندا بوو، هەروەها لە ساڵی 2023دا لە نێوان 115 زانکۆی حکومی ئێراندا ، زانکۆی کوردستان توانی ریزبەندی 10 یەکەمی زانکۆکانی ئێران بگرێت.

زانکۆی کوردستان هەشت فاکەڵتی هەیە، کە بریتین لە زمان و وێژە، زانستە مرۆییەکان و زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانستە بنەڕەتییەکان، کشتوکاڵ، سامانە سروشتییەکان، ئەندازیاری، هونەر و تەلارسازی، زانستە بنەڕەتی و  و لە ئێستادا 11 هەزار و 200 قوتابی لە 56 بواردا هەیە، لەم زانکۆیە 114 بڕوانامەی ماستەر و 30 دکتۆرا دەخوێنن.،هەروەها لە زانکۆکە 492 خوێندکاری بیانی هەیە.