ئه‌مشه‌و بلیتێکی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگی یەکلا ده‌بێته‌وه‌

كاتژمێر 10:00ـى ئەمشەو یانەکانی بەرشلۆنەی ئیسپانی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی بلیتێکی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگی یەکلادەکەنەوە، کاتێک یانە کەتەلۆنییەکە لەناو یاریگەی مۆنجویک میوانداریی یانە پاریسییەکە دەکات.

بەرشلۆنە لە یاری چوون لەناو باخچەی شازادەکان پاریس سانجێرمانی شۆککرد و بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ خاوەن ماڵی دووچاری شکستکرد، کەتەلۆنییەکان نزیکدەبنەوە لەوەی بۆ یەکەمجار لەدوای وەرزی 2018 بۆ 2019 وە بگەنە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کە هەلێکی گەورەیان لەبەردەستەدایە و دەیانەوێت بەپاڵپشتی یاریگە و هاندەرانیان بگەڕێنەوە و مێژوو تۆماربکەن.

بەرشلۆنە تەنیا یەکسانبوونێکی بەسە تاوەکو پاریس سانجێرمان لە پاڵەوانییەتیەکە دووربخاتەوە و ئامارەکانی بلاوگرانا لەخاکی خۆیدا بەرامبەر رکابەرە فەرەنسییەکان نمونەییە، کە لە 13 یاریی رابردوودا نۆ بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دووی یارییدا دووچاری شکستبوون، بەڵام دوایین شکستیان لەگەڵ یانە فەرەنسییەکان لە یاریگەی خۆیان بەرامبەر پاریسییەکان بوو.

لەلایەکی دیکەوە، پاریس سانجێرمان بەراهێنەرایەتی لویس ئینریکی هیواکانی بۆ گەیشتن بە قۆناغی پێش کۆتایی بەزیندوویی ماوەتەوە، چونکە هەر ئەنجامێکی بردنەوە بەجیاوازیی دوو گۆڵ یانە فەرەنسییەکە دەگەیەنێتە قۆناغی داهاتوو.

ئەو یارییەی هەمیشە لەیادەوەری یانە پاریسییەکەدا دەمێنێتەوە، ریمۆنتادا مێژووییەکەی بەرشلۆنەیە لە یاریگەی خۆیدا کاتێک بەئەنجامی شەش گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک پاریس سانجێرمانی کردە دەرەوە، کە لەوکاتەدا لویس ئێنریکی راهێنەری بەرشلۆنە بوو.

یانە پاریسییەکە بەختێکی خراپی هەیە، چونکە لە حەوت یاری رابردووی چامپیۆنزلیگ، هەرکاتێک یاری چوونی لە یاریگەی خۆی دۆڕاندبێت، یاری گەڕانەوەشی دۆڕاندووە.