سیگنال ئیدونا دەبێتە مەیدانی یەکلاکردنەوە

یاریگەی سیگنال ئیدونا پارکی تایبەت بە یانەی بۆروسیادۆرتمۆندی ئەڵمانی دەبێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی لایەنێکی قۆناغێکی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، کاتێک لە یاری گەڕانەوە میوانداریی یانەی ئەتلەتیکۆمەدریدی ئیسپانی دەکات.

دۆرتمۆند جگە لەبردنەوە هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نییە تاوەکو بلیتی پێش کۆتایی لە رکابەرە ئیسپانییەکەی وەربگرێت، کە هەفتەی رابردوو لە مەدرید توانیبووی شکست بە ئەڵمانییەکان بهێنێت، لەبەرئەوە ئیدین تیرزیچی راهێنەر بەباشترین شێوە یاریزانەکانی ئامادەکردووە و ئەمشەو بەپاڵپشتی دیواری زەرد یاری مان و نەمان ئەنجامدەدەن.
ئەڵمانییەکان ریکۆردێکی بەهێزیان نییە بەرامبەر رکابەرە ئیسپانییەکان و لە 37 رووبەڕووبونەوەی یانەکانی ئەو دوو وڵاتەدا تەنیا 11 بردنەوەیان بەدەستهێناوە و لەبەرامبەردا 14 جار دووچاری شکشسبوون، کە هەشت لەو بردنەوانە لە یاریگەی خۆیاندا بووە، بەڵام دۆرتمۆند ئەوە راستییە تاڵەی لەبەرچاوە، کە لە پێنج وەرزی رابردوودا لەقۆناغی چارەکی کۆتایی ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کردووە.

هاوکات، ئەتلەتیکۆمەدرید دوای بردنەوەی یاری یەکەم لە یاریگەی خۆیدا و سەرکەوتن بەسەر جیرۆنا لە لالیگادا، تیمەکەی دیگۆ سیمیۆنی نزیکە لەمسۆگەرکردنی بلیتێکی چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو، رۆخی بلانکۆس لەگەڵ سیمیۆنی لە سێ بۆنەی جیاوازدا گەیشتووەتە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام لە وەرزی 2016 بۆ 2017 وە یانە مەدریدییەکە لەو قۆناغە بێبەشبووە.

ئەوەی ئەتلەتیکۆمەدریدی نیگەران کردووە سەردانەکانییەتی بۆ ئەڵمانیا، چونکە لەدوایین 10 یاریی لەناو خاکی ئەڵمانیادا دووچاری حەوت شکستبووە.