سیاسەتی کولتووریی سعودیە لە سایەی محەمەد بن سەلماندا بە کوێ دەگات؟

راپۆرتی شیکاری

سعودیە یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەند و کاریگەرەکانی جیهان، لەم چەند ساڵەی دوایدا رۆژ لە دوای رۆژ لەو ناو و مێژووە دوور ئەکەوێتەوە کە لە رابردوودا پێی دەناسرایەوە. رۆژانە هەواڵی گۆڕانکاری و پێشکەوتنەکانی بواری کۆمەڵایەتی، سیاسی، کارگێری، بیناسازی، سەربازی، تەکنەلۆژی، گەشتیاری، کولتووری و وەرزش..هتد دەبنە مانشێتی میدیاکان و ئەم سەردەمەی سعودیە بە سەردەمە نموونەییەکەی شازادەی جێنشین (محەمەد بن سەلمان) ناو دەبەن.

لە نێو سەرجەم گۆڕانکارییەکانی ئەم وڵاتەدا پشکی گەورە بەر گۆڕانکاریی سیاسەتی کولتووری دەکەوێت. لەم راپۆرتە شیکارییەدا بۆ تێگەیشتن لەو گۆڕانکارییانە، قۆناخ بە قۆناخ راڤەی ئەو هەنگاوانە کراوە، تا تێگەشتنێکی ورد و خوێندنەوەیەک بۆ سیاسەتی کولتووری "محەمەد بن سەلمان" لە ژێر رۆشنایی گۆڕانکارییەکاندا بێنینە گۆڕێ.

شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێگرەوەی سعودیە و سەرۆکوەزیرانی سعودیە. فۆتۆ: AP

گەڕانەوەیەکی خێرای مێژوویی

سعودیە، کە بەسەر زۆربەی باکوور و ناوەڕاستی نیمچە دوورگەی عەرەبیدا درێژدەبێتەوە، وڵاتێکی گەنجە، بەڵام میراتگرێکی مێژوویی دەوڵەمەندی هەیە. لانکەی سەرهەڵدانی ئایینی ئیسلامە و (مەککە و مەدینە)، بە پیرۆزترین رووگەی شوێنکەوتووانی ئەو ئایینە دادەنرێت، ساڵانە زیاتر لە 1500.000 یەک ملیۆن و پێنج سەد هەزار لە پەیڕەوکارانی ئەم ئایینە سەردانی دەکەن. بە هۆی پێکهاتەی جیۆلۆجی خاکەکەیەوە، لە ساڵانی 1960-ەوە، لەگەڵ ناوهێنانی سعودیە، راستەخۆ ناوی نەوت بەدوایدا هاتووە.  ئەگەرچی سعودییە تا  ناوەڕاستی سەدەی بیستەم، شێوازی ژیانکردنی خەڵکەکەی خێڵەکیی بوو، بە جۆرێک کە نەریتی دێرینی نیمچە دوورگەی عەرەبییان پەیڕەو دەکرد، کە کەمتر رێگەی دەدا بە ئەنجامدانی گۆڕانکاریی.

پاش  جەنگە جیهانییەکانی سەدەی رابردوو، شۆڕشی نوێی پیشەسازیی و جیهانگیری و پێشکەوتنەکانی بواری تەکنەلۆژیاوە، ئیدی ژیاری کۆمەڵاتی سعودییە، بەخێراییەکی بەرچاو گەشەی کرد و گۆڕانکاری بەسەرداهات، لەگەڵ ئەوەی گەشەسەندنی بەرهەمهێنانی نەوت بەیەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گەشەسەندنەکە دادەنرێت، بەڵام هەرچی سەبارەت بە گۆڕانکارییە کولتوورییەکانییەتی بۆ بەرفراوانی رێژەی سەردانی حاجیان دەگەڕێتەوە، کە ساڵانە روو لە شارە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە دەکەن. ئەمە بە خاڵی بنەڕەتیی سەرەتای گۆرانکارییە کولتورییەکان دادەنرێت، چونکە هەمیشە  گۆڕانکارییەکان لە دەرەوەی خودی کولتوورەکانەوە دێن و سەرچاوە دەگرن. 

هەروەها هێنانی دەستی کاری بیانی، لە دەروەرەی وڵاتەکە و دامەزراندنی سەدان هەزار خەڵکی ناوخۆی سعودی لەکەرتی پیشەسازیدا،  ناردنی دەیان هەزار خوێندکاری سعودی بۆ ئەمریکا و دەرەوەی وڵاتەکە، ئیدی وەرچەرخانە سیاسی، کارگێڕی و کولتوورییەکان لەم وڵاتەدا دەستیپێکرد.

گەشەسەندنە خێراکانی تەکنەلۆجیا، تەلەفزیۆن، رادیۆ، ئینتەرنێت و پاشان تۆڕەکۆمەڵاتییەکان کە جێی میدیای باوی گرتەوە، ئەمانەش هاندەرێکی دیکەی سەرهەڵدانی هزری گۆڕانکاری لە نێو خەڵکانێک، کە لە دەوڵەتێکی تەواو ئایینی پڕ لە تابۆ و قەدەغەکراو پەروەردە کراو بوون، هەر ئەمانە هەنگاوەکانیان بۆ کرانەوەی زیاتر لە ئیسلامیی توندڕەو بەرەو ئیسلامیی میانڕەو خێراتر کرد.  ئەمانە بە کۆی گشتی بوونە هەنگاوە کاریگەرە پڕ گۆڕانکارییەکان لە ژیاری کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتە نەریتییەدا. لە کۆتایدا سعودییە کە سەردەمانێک وڵاتی شارە بچووکەکان بوو، تا دێت بەرەو شارستانی گەورە هەنگاو دەنێت؛ ناوەندە نەریتیی و ئاینییەکانی وەک: (جەدە، مەککە و مەدینە) گەشەی زیاتریان کردووە و بوونەتە شاری گەورە و ریازی پایتەختیش، کە پێشتر شارێکی بچووک بوو، گەشەی کردووە و بووەتە یەکێک لە شارە گەورە و مۆدێرنەکانی سعودیە. ئەم گۆڕانکارییانە پاش دەسەڵات گرتنە دەستی (بن سەلمان) و شازادەی جێنشین  (محەمەدی کوڕی) کە دەسەڵاتی رەهای بەسەر وڵاتەکەدا هەیە، گەیشتۆتە ترۆپکی گەشەسەندن کە مەزەندەکردنی ئەو هەموو گۆڕانکارییە لەو ماوە کورتەدا ئەستەمە.

چۆن کرانەوەی کولتووریی سعودییە دەستی پێکرد؟

بۆ تێگەیشتن لەسیاسەتی گەشەسەندنی سعودییە بێناسینی بنەماڵەی ئالسعود سەختە، بە کورتی: سیستەمی پاشایەتیی عەرەبستانی سعودیە، لە بنەماڵەیەکی گەورەی حوکمڕانی پێکدێت، کە لە پەیکەری حوکمڕانییەکەدا ئەندامانی بنەماڵەکە، سەرجەم سێکتەرە گرنگەکانیان بەدەستەوە گرتووە.ئەم سیستەمە، لە شا عەبدولعەزیز ئال سعودی، دامەزرێنەری سیستەمی پاشایەتی سعودییە دەستپێدەکات،  بە درێژایی ژیانی 23 ژنی هێناوە، خاوەنی 45 كوڕ بووە، هەر یەکێک لە کوڕەکانی جومگەیەکی دەسەڵات یان کۆمپانیایەکی گەورەیان بەڕێوە بردووە. شازادە سەلمان بیست و پێنجەمین منداڵی (ئالسعود)ە و پێنج جار ژنی هێناوە و شەشەم منداڵی (محەمەد بن سەلمان)ە. ئەم باوک و کوڕە (سەلمانی باوک و محەمەدی کوڕ) بەسەرچاوەی سەرجەم گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سعودییە دادەنرێن، (محەمەد بن سەلمان) کارەکتەری سەرەکی تەواوی گۆڕانکارییەکانە و بە ڕەهایی کاروبارەکانی ئەو وڵاتە لە ژێر فەرمانڕەوای ئەودایە.

شازادە محەمەد لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ شا سەلمانی باوکدا

شازادە محەمەد بن سەلمان کێیە؟
شازادە محەمەد بن سەلمان لە 31 ئابی 1985 لەدایکبووە، لە ئێستادا تەمەنی 38 ساڵە، جیاواز لە برا و شازادە و کەسە نزیکەکانی دیکەی، ئەو لە دەرەوەی وڵاتەکەی خوێندنی زانکۆی تەواو نەکردووە، بەڵکو  لە زانكۆی (شا سعود - بە کالۆریۆسی لە یاسا)دا بەدەستهێناوە. بە هۆکاری ئەوەی (محەمەد) هیچ زمانێکی دیکەی نەدەزانی، شارەزای کاروباری کارگێڕیی و  سەربازی نەبوو، لە سەرەتاکانی تەمەنی لاوێتیدا هیچ بەرپرسیارێتییەکی گرنگی پێنەسپپێردرابوو، هەر بۆیە هیچ سەرنجێکی ئەندامانی نێو بنەماڵەکەی ئالسعودی لەسەر نەبووە،  گەرچی بۆسەنانەوە و پاشقول لەیەکتری گرتنی شازادەکان نەریتێکی نێویان بوو، بەڵام هەمیشە پارێزراو بوو، چونکە (محەمەد بن سەلمان) بە لاواز دەهاتە بەرچاو و بۆیە هیچ یەکێک لە شازادەکانی دیکەی بنەماڵەکە بە مەترسیان نەدەزانی و چاویان لەسەر هیچ هەنگاوێکی نەبوو، بەڵام شازادە (محەمەد) زۆر بە نەرمی هەنگاوی بۆ ئەو ئامانجەی دەنا کە پلانی بۆدانابوو کەسیش پێشبینی بۆ ئایندە گەشەکەی نەکردبوو.

چۆن شازادە محەمەد هاتە سەرتەختەی شانۆی سیاسی؟

 دەرکەوتنی شازادەی جێنشین هێندە دوور نییە، ئەو پێشتر هیچ ئەزمونێکی ئەوتۆی نەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی 2009دا دەرکەوت، ئەویشی دوای ئەوەی کە شازادە (سەلمان)ی باوکی پۆستی پارێزگاری (ریاز)ی وەرگرت. بە هۆی نزیکی (محەمەد) لە باوکییەوە، بەردەوام لەسەرجەم چالاکییەکاندا لە تەنیشتی باوکی دەبینرا، پاشان پۆستی راوێژکاری تایبەتی باوکی پێسپێردرا، ئیدی ئەم بەرپرسیارێتیە سەرەتا و دەستپێکی تێکەڵبوونی بە کاروباری دەوڵەت و سیاسەتی (محەمەد بن سەلمان) دادەنرێت. ئەم قۆناغ و ئەزموونە گەرچی لە چاو ئێستایدا بەراورد ناکرێت، بەڵام بە گرنگترین وێستگەی ژیانی دادەنرێت، چونکە بەجۆرێک لە ئامادەکاریی بۆ گەیشتن بە ئەم قۆناغەی ئێستای دادەنرێت.

چۆن گەیشتە لوتکەی دەسەڵات؟

دوای پێنج ساڵ لەم ئەزموونەی، شا (عەبدوڵا بن عەبدولعەزیز)ی مامی لە ساڵی 2015دا كۆچیدوایی کرد، دواتر شا سەلمانی برای کە دەکاتە باوکی (محەمەد بن سەمان) جێگەی گرتەوە و بووە پاشای سعودییە، لەم رێکەوتەوە، ئیدی ئەستێرەی بەختی (محەمەد سەلمان) بۆ وەرگرتنی تەختی دەسەڵات بەتەواوەتی دەرکەوت. هەر لەهەمان ساڵدا و لە کانوونی دووەمی 2015 دەبێتە وەزیری بەرگری. پاشان دەکرێتە سەرۆکی دیوانی پادشایی سعودیە و پاشان راوێژکاری تایبەتی پادشا. دواجار لە ساڵی 2017دا بووە شازادەی جێنشین، ئیدی سەردەمی (محەمەد بن سەلمان) لێرەوە دەستی پێکرد.

دەستپێکی گۆڕانکاری و ئاڵنگاریی (محەمەد بن سەلمان) لە تەختی دەسەڵاتدا

گەرچی دەستپێیکی ئەزموونی (گرتنە دەستی جڵەوی سیاسی ئاسان نەبوو، چونکە پڕ ئاڵنگاریی سەخت بوو، بەڵام ئەو لە هەنگاوەکانی نەترسا و نەوەستا، بەڵکو هەر لە سەرەتاوە بە بانگەشەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵیی و دروشمی "گەلی سعودیە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی هەیە" دەستی بەسەردەمی (سعودییەی نوێ) کرد. گەورەترین هەنگاوی ئەم چاکسازییە، لە رۆژی 5/11/2017 لە هوتێلی کارلتۆن لە سعودییە بوو، لە کاتێکدا بەناوی کۆبونەوەیەکی تایبەتەوە، شازادە محەمەد بن سەلمان، شازادەکان، بازرگان و پلەباڵاکانی سعودییە پێکەوە کۆدەبنەوە، 400 كەس لەم کۆبونەوەیەدا بەشداربوو، بەڵام لە راستیدا بۆسەیەکی سیاسی بوو، چونکە لەو کۆبونەوەیەدا سەرجەمیان دەست بەسەرکرد و گرێبەستێکی پێ واژووکردن بۆ گەراندنەوەی ئەو پارانەی کە بەگەندەڵی دەستیان کەوتووە، بنزیکی 107 ملیار دۆلاری لێ وەرگرتن و پاشان ئازادیكردن. ئەمە بۆ یەکەمینجار بوو لە مێژووی وڵاتەکەدا بەم جۆرە شکۆی شازادەکان بشکێنرێت. لەم رۆژگارە گەرچی لەلایەن نەیارانەوە وەک دیوێکی تاریکی (محەمەد بن سەلمان) وێناکرا، بەجۆرێک لە پاکسازیی و بەهێزکردنی پێگەی خۆی لەقەڵەمدرا، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی کرداریی بۆ ئەم هەنگاوە لەلایەن شازادە و بەرپرسانەوە نەبینرا . 

محەمەد بن سەلمان چۆن بە گۆڕانکاری سیاسەتی کولتووریی دەستپێکرد؟ 

بەر لەوەی باس لە سیاسەتی کولتووری بکەین، گونجاوە شیکردنەوەیەکی پوخت بۆ ئەم چەمکە نوێیەی نێو سیاسەت و دەوڵەتداریی بکەین، کە لە ئێستادا بە بناغەیەکی پتەوی دەوڵەتانی جیهانی دادەنرێت. 

بە کورتی:

دەستەواژەی (سیاسەتی کولتووری) ئاماژەیە بۆ ئەو شێوازەی کە کولتوور بە هەڵوێست، بۆچوون و بیروباوەڕ و دیدگای خەڵکەوە دەبەستێتەوە، لە هەمان کاتدا لە رێگەی میدیاوە، کولتوور بە بۆچوونی (سیاسی و کۆمەڵگا) لە بۆتە (قاڵب) دەدات، لە هەمان کاتدا خودی کولتوور دەخاتە چوارچێوەی واقیعی کۆمەڵایەتی، ئابووری و یاساییەوە. بەگشتی"سیاسەتی کولتووری گۆڕەپانێکە، کە بەها،  مانا کۆمەڵایەتیی، ئابووری و سیاسییەکانی تێیدا دروست دەکرێن". بەپێی گۆڕانکارییە سیاسییەکان ئەم سیاسەتە کولتورییانە گۆڕانی بەسەردا دێت. 

بۆ نموونە: 

وڵاتێک کە ئایین تێدا باڵا دەست بێت هەموو سیاسەتە کولتوورییەکانی بەو ئاڕاستەیە پەروەردە دەکات و دەیخاتە خزمەتی ئەو سیاسەتە کولتوورییەی، کە بۆ پتەوکردنی شێوازە حوکمڕانییەکەی دەیەوێت. لە هەمان کاتدا سیستەمێکی تۆتالیتاری یان ئایدۆلۆجی، سیاسەتێکی کولتووری وا پێکدێنێت، کە سەرجەم جوڵەکانی بەو ئاڕاستەیە بن، کە خزمەت بە سیستەمەکە یان ئەو ئایدۆلۆجیایە بکات، کە دەسەڵاتەکە دەیەوێت و تاکەکانی کۆمەڵگەی پێگۆش دەکات.

لێرەدا ئەگەر بڕوانینە هەنگاوەکانی شازادە محەمەد بن سەلمان، چەمکی گۆڕانکاری، لە ئیسلامی توندڕەو بۆ ئیسلامێکی میانڕەو  کە لەگەڵ ئەم سەردەمەدا بگونجێت، دەبێتە ئاڵنگارییەک کە سەرکەوتن تێیدا نەک ئاستەم بوو، بەڵکو دەکرا سەری خۆی لە پێناویدا دابنێ، بەڵام ئەو بەهۆکاری ئەوەی کە هەمیشە لە نێو خەڵکەکەی خۆیدا مابووە و سعودیەی جێنەهێشتبوو، بە باشی لە کۆژانی و گۆڕانکارییە هزرییەکان و بێزارییەکانی گەنجانی وڵاتەکەی تێدەگەیشت، ئەو باش لەوە دەگەیشت، ئەگەر بنەماڵەکەی و سیستەمی سیاسیش رێگربن، دواجار خەڵکی پشتیوانیی بیر و بڕواکانی دەکەن، چونکە لە راستیدا بڕواکانی لە نێو خەڵکە سادەکەوە سەرچاوەی گرتبوو نەک کۆشکی شاهانە. 

شازادەی جێنشین، لەسەرەتادا بڕیار دەدات وڵاتەکەی بەتەواوەتی دەستبەرداری ئیسلامی توندڕەو بێت، گەرچی باپیرانی خۆی بناغەکەیان بونیاد نابوو، گەرچی  بۆ ئەمە دەیزانی کۆمەڵێک بانگخواز دەبنە رێگر، هەر بۆیە دەستپێکی کارەکانی، دەستگریکردنی بانگخوازە توندرەوەکان بوو، بەمەرجێک ئازادی دەکردن، کە بەرامبەر هەنگاوەکانی بێدەنگی هەڵبژێرن. یەکەم هەنگاو بەخت یاوەری بوو، دوا بەدوای سەرکەوتنی لەم هەنگاوەدا راستەوخۆ دەستی بە چاکسازیی کۆمەڵایەتی کرد، بڕیاری کۆتایهێنان بە پۆلیسی (فەرمان بەچاکە و رێگریی لە خراپە)دا. کە ئەمە بە ئاڵنگارییە گەورەکە دادەنرێت. لەمەوە گۆڕانکارییە کولتوورییەکان بە خێراییەکی زیاتر دەستی پێکرد، هەموو ئەو بوارانەی کە قەدەغەبوون پێشتر دەرگایان بۆ کرایەوە،  هۆڵی سینەماکان، کافتریا و شوێنی شەوە ئاهەنگ و گوێگرتن لە گۆرانی فێستڤاڵی موزیکی، کارکردنی ژنان و شۆفێریکردنی ژنان، بەشدارییکردنی ژنان لە سوپادا، چونە هۆڵی وەرزش بووە بە وەرچەرخانێکی گرنگی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵکی سعودیە. کە ئەمە جگە لە دەنگە ناڕازییەکان لە نێو گەنجاندا بە خەونێکی مەحاڵیان دەزانی و هاتۆتە دی. هەر لەگەڵ ئەوەی جێپێکانی باشتر دەردەکەوت، ئاڵنگارییەکان زیاتر دەبن، تیرەکان زیاتر رووە و خۆی و سیاسەتەکانی دێن. 

کوژرانی جەمال خاشقچی و کاردانەوەکان

محەمەد بن سەلمان بەردەوامیدا بە هەوڵەکانی بۆ چاکسازی بنەڕەتی لە وڵاتەکەیدا، بەڵام بە هۆی تیرۆرکردنی (جەمال خاشقچی) لە ساڵی 2018 لە نێو کونسوڵخانەی سعودیە لە تورکیا، کە پەنجەی سەرجەم تۆمەتەکان بۆ بڕیاری شازادەی جێنشین (محەمەد بن سەلمان) درێژدەکرا، کەمێک ناوبانگی کەسێتی و هەوڵەکانی شێوێندرا، بۆ نموونە:"سوزان رایس راوێژکاری پێشووی ئۆباما لە وتارێکیدا لە نیوێورک تایمز لە ژێر ناوی ئەو هاوبەشەی جێگەی پشت پێبەستن نییە" هەروەها نوسیویەتی: "تێوەگلانی نیمچە دڵنیایی (محەمەد بن سەلامن) لە كوشتنی خاشقچی لەوە دڵنیامان دەكاتەوە كه سەرشێت و‌ توندڕەووە و بێڕەوشتە، لە هەمان كاتیشدا ڕوونی كردەووە كە میرە گەنجەكە مەترسیدارە و متمانەی پێناکرێ ببێتە هاوبەشێكی گرنگی ئەمریكا". لە ناوخۆی وڵاتیشدا دەنگدانەوەیەکی نەرێنی لەسەر کەسێتی (محەمەد بن سەلمان) بەجێهێشت. ئەو لە وەڵامی ئەو هەڵمەتانەی دژیدا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، سەبارەت بە کوشتنی جەمال خاشقچی بە رۆژنامەنوس مارتن سمس دەڵێت: "کوشتنی خاشقچی لە ئەستۆ دەگرم، هەرچییەک بێت لە سەردەمی حکومڕانی مندا رودایداوە". دوای ئەم روداوە سیاسەتێیکی ژیرانەی پەیڕەوکرد، ئەو بۆ بیرچوونەوەی ئەم دۆسیەیە بە خێرای بۆ ماوەی دوو ساڵ خۆی لە نمایشی سیاسی دوورخستەوە و هەنگاوە خێراکانی خاوکردووە. پاش دوو ساڵ لە بێدەنگی بۆ بیرچوونەوەی ئەو بابەتە، جارێکی دیکە دەستی بە بانگەشە بۆ بڕواکانی و خەونەکانی گۆڕانکاری کردەوە، بۆیە لە زۆرینەی چاوپێکەوتنەکانیدا جەخت لە گۆڕانکاری زیاتری کۆمەڵایەتی دەکرد و ئاماژەی بە پێویستی کرانەوەی زیاتری  وڵاتەکەی دەدا، لەگەڵ هەر قسەکردنێکیدا بەزووی جێبەجێی دەکردن.

رۆژنامەنووس جەمال خاشقچی

گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری و راکێشانی سەرنجی جیهان

رێگەدان بە گەشتیارانی هاوڕەگەزخواز، کە بۆ گەشت دەتوانن سەردانی سعودیە بکەن

 لە هەنگاوەکانیدا گەشەپێدانی لایەنی گەشتیارییەکەی دەکاتە یەکێک لە هەنگاوە لەپێشینەکانی خۆی. لە ساڵی 2019 دا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی فۆکس نیوزی ئەمریکادا ئاماژەی بەوەدا: "گەورەترین چیرۆکی سەرکەوتنی سەدەی بیست و یەکەم دەبین، چونکە سعودیە خێراترین وڵاتە گەشەی لە هەموو کەرتەکان کردووە. ئامانجمان ئەوەیە باشترینەکان بەدەستبهێنین و ئاڵنگارییەکان بکەینە دەرفەت و خێراتر ئامانجەکانیان بەدەستبهێنن. وەبەرهێنانەکانمان لە بواری گەشتیاریدا بەشداریکردنی لە کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆ %3 بۆ %7 بەرزکردووەتەوە". ئاماری کەرتی گەشتیاری ساڵانە لە سعودیە 40 ملیۆن گەشتیارە، ئامانجیانە تا ساڵی 2030 ئەو ژمارەیە بۆ 100- تا 150 ملیۆن سەردانیکار بەرز بکەنەوە. شازادەی جێنشین بە بەردەوامی لە دوای لێدوانەکانی بەخێرایی هەنگاوی دەنا،  بڕیارەکانی هێندە تێکشکێنی نەریتەکان بوو، کە جێی باوەڕی کەس نەبوو، کە کۆمەڵگای سعودیە بتوانێت پەسەندی بکات. محەمەد بن سەلمان بۆ رزگاری بوونی لە دەستەواژەی وڵاتی نەوت و پشتبەستنی بە داهاتی نەوت،  بۆ گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری وڵاتەکەی چەند بڕیارێکی شۆکهێنەری سەبارەت بە ئازادی گەشتیاران دا، کە ئەویش، ئازادی مانەوەی کچ و کوڕە پێکەوە، رێگەدان بە گەشتیارانی هاوڕەگەزخواز، کە بۆ گەشت سەردانی سعودیە دەکەن و لە هەمان کاتدا هیچ هاوڵاتییەکی سعودی بۆی نییە پرسیاری کەسیی و تایبەت لەو کچ و کوڕە گەشتیارانە بکات، کچ و کوڕ، کچ و کچ یان کوڕ و کوڕ بەبێ ئەوەی هاوسەری یەکتربن، دەتوانن پێکەوە لە یەک ژووری هۆتێلدا بخەون، تەنانەت ئەگەر کچ و کوڕەکە هاوسەری یەکتریش نەبن و تەنها خۆشەویست بن. جگە لەوە لە مەلەوانگەکانیشدا کچ و کوڕ دەتوانن تێکەڵ بن و بە جلوبەرگی نیوەڕووت لەناو سعودیەدا بگەڕێن و بمێننەوە و تەنانەت سەردانی شوێنە پیرۆزەکان بکەن. جگە لەمانە گەرچی لە ساڵی 1952 بەهۆی ئەوەی شازادەیەک بە سەرخۆشیی دبلۆماتکارێکی بەریتانی دەکوژێت، ئیدی لەو کاتەوە مەیفرۆشی لە تەواوی وڵاتدا قەدەغە دەکرێت،  بەڵام دوای نزیکەی 72 ساڵ لە رۆژی چوارشەممە (24ـی کانوونی دووەمی 2024) سعودیە بڕیاریدا رێگە بە کردنەوەی دووکانێکی فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکان بدات، بەڵام ئەم بڕیارە بە مەرجە و بۆ کڕیارانی ناموسڵمانی دیپلۆماتکارە بیانییەکانە. محەمەد بن سەلمان بەوەوە نەوەستا بەڵکو هەنگاوی بۆ بواری وەرزش و بەتایبەت تۆپی پێ نا، باشترین و دیارترینەکانی وەک: کریستیانۆ رۆناڵدۆ، نایمار .. دەیان ئەستێرەی دیکەی بۆ یانەکانی  وڵاتەکەی کڕی و هێشتا چاوی لەسەر دەیان ئەستێرەی دیکەیە، ئەم هەنگاوە هاندەرانی ئەو ئەستێرانەی ناچارکرد، کە ئیدی چاویان لەسەر سعودیە بێت، بەردەوام جوڵەکانیان تەنانەت هەڵسوکەوتی ژن و خۆشەویستەکانیان دەبێتە بابەتی رۆژنامەکان و لە پاڵیدا دەبنە هۆکارێک بۆ ناوهێنانی ئەو وڵاتە لەم بوارەشدا.

جگە لەوە بە دروستکردنی فێستڤاڵ و خەڵاتی بواری فیلمی وەک: فێستیڤاڵی فیلمی دەریای سوور لە سعودیە 2023، خەڵاتەکانی جۆی 2024 ئیدی چاوی کامێرای میدیاکانی جیهانی بە تەواوەتی بەرەو گۆڕانکارییەکانی سعودییە بردووە.   

کریستیانۆ و جۆرجینا و لە سعودییە

نەیارەکانی هەنگاوەکانی محەمەد بن سەلمان چۆن پێناسە دەکەن؟ 

ئاشکرایە کرانەوە کولتوورییەکان لە نێو وڵاتێکی ئایینیدا زۆر سەختە، هەر بۆیە سەرەڕای ئەم هەنگاوانە کە دەشێت بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە کرانەوەی سعودییە هەیە، گونجاو بووبن، لە هەمان کاتدا بۆ ئەو کەسانەی کە باوەڕیان بە سعودییە وەک (حەرەمەینی شەریفەین) بمێنێتەوە گونجاو نەبێت. نەیارەکانی سوورن لە سەر ئەوەی ئەم سیاسەتە بۆ بەدڕەوشتیکردنی کۆمەڵگای سعودییە و بە پاڵپشتی و بۆ بەرژەوەندی دوژمنانی ئیسلام ئەم کارانە دەکات.

بەشێک لەوانەی رەخنە دەگرن لەنێو تۆڕەکۆمەڵایەتیەکاندان، بەڵام رەخنەکان هیچ کاریگەرییەکی نییە و لە خێرایی هەنگاوەکانی (محەمەد بن سەلمان)  کەم ناکەنەوە.

 بە نموونە: لە ساتی بەڕێوەچوونی (فێستڤاڵی میدڵ بێست) 2022 رۆژنامەنووس و ئۆپۆزسیۆنی سعوودی بە رەخنەگرتن لە بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی مۆسیقای "میدڵ بیست" لە وڵاتی حەرەمەین شەریفەین ئاماژەیان بەوەدا: "کە محەمەد بن سەلمان بە هەنگاوەکانی و  گۆڕینی وڵات بۆ گۆڕەپانی بەد رەوشتیی، گەورەترین خزمەتی بە دوژمنانی ئیسلام کرد". تورکی شەلهوب یەکێکە لە چالاکوانان و رەخنەگرە دیارەکانی سعودییە لە توێتێکدا نوسی بووی: "ئەو خزمەتە نایابەی بن سەلمان بە دوژمنانی ئیسلامی کردووە کامانەن؟ ئەو وڵاتی حەرەمەین شەریفەین-ی کردە مەیدانی هەڵپەڕکێ و گۆرانی و ئاهەنگگێڕان". جێی وەبیرهێنانەوەیە کە فێستیڤاڵی موزیکی “میدل بیست” لە چوارچێوەی چالاکییەکانی "وەرزی ریاز" بە بەشداری گۆرانیبێژانی عەرەب و جیهانی لە شاری ریازی پایتەختی سعودیە  بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا بەردەوامی هەیە بۆ ساڵی 2024 زیاتر لە 200 ئەستێرەی بەناوبانگی عەرەبی و جیهانی تێیدا بەشداربوون ساڵ بەساڵ کرانەوەی ئازادی تاکی زیاتر تێدا دەبینرێت.

ئامادەبوانی فێستڤاڵی میدڵ بێست

دوو پرۆژە سەرسوڕهێنەرە ستراتیژییەکە

پرۆژە زەبەلاحەکان دەبێنە دواین هەنگاوەکانی محەمەد بن سەلمانە، پرۆژەی "ئەلمکەعەب" کە گەورەترین 20 باڵەخانەی چوار سەد مەتری لە"ناوەندی شار" پێکدەهێنێت و کە چەندین چێتخانە و کافێ و فرۆشگا و شوێنی کات بەسەربردن لە خۆ دەگرێت دەبێتە گەورەترین "داون تاون" لە جیهاندا.

 لە هەمان کاتدا پرۆژەی زە لاین: بەشدارە لە پاراستنی 95%ی زەوییە سروشتییەکانی، و پشت بە 100% وزەی نوێبووەوە دەبەستێت، بۆ ئەوەی تەندروستی و خۆشگوزەرانی مرۆڤ بکات . یەکێک لە تایبەتمەندییە ئەم شارە ئەوەیە کە پانییەکەی تەنها 200 مەترە، درێژایی 170 کیلۆمەتر، 500 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. شارەکە لەسەر ڕووبەرێک دروست دەکرێت کە لە 34 کیلۆمەتر چوارگۆشە زیاتر نەبێت، هەروەها نزیکەی 9 ملیۆن کەس لەخۆدەگرێت، ئەمەش بەتەواوی لە شارەکانی ئەم قەبارەیە بێ وێنەیە. کەشوهەوای ئایدیاڵی بە درێژایی ساڵ دڵنیای دەدات لەوەی کە دانیشتووان دەتوانن چێژ لە سروشت وەربگرن کاتێک كە تێتدا دەگەڕێن، هەروەها بوونی شەمەندەفەرێکی خێرا کە هەردوو سەری شارەکە لە ماوەی 20 خولەکدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و دەیان تایبەتمەندی دیکە لەم شارەدا هەیە، کە ئەمە بە خەونە گەورەکەی "محەمەد بن سەلمان" دادەنرێت. بەشێوەیەکی گشتیی (محەمەد بن سەلمان) بە تەواوەتی دەیەوێت: جیهان و ناوێکی دیکە بۆ رەسەنترین شوێنی نەتەوەی عەرەب دروست بکات و  (ناوی سعودییە لە نەوت جیابکاتەوە)، ئیدی لە جێیی پاشگری نەوت، بە کولتوور و ناوازەیی لە کەرتی گەشتیاری، وەرزش، هونەردا بناسرێتەوە، لە وڵاتێیکی نەریتی بەرەو ناسناوی بەهەشتی رۆژهەڵات و رۆژئاوا هەنگاو بنێت، ئەو  لە بەشێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات دەڵێت: ئەو لە هەنگاوەکانی ناوەستێت، گەلی سعودییە باوەڕی بە گۆڕانکارییە، من دەمەوێت پێش ئەوەی ژیان بەجێبهێڵم ئەو خەونە بێینمە دی.