ئیسرائیل: دوو سەرکردەی حیزبوڵامان لە لوبنان کوشتووە

بۆردوومانێکى سوپاى ئیسرائیل بۆ سەر گوندى عیتا شەعبى لوبنانى لەسەر سنوورەکانى نێوان هەردوو وڵات. فۆتۆ: AP

سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، دوو سەرکردە و ئەندامێکی حیزبوڵای لە باشووری لوبنان کوشتووە.

لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، هێرشێکی ئاسمانییان لە ناوچەی عەین بەعال کردووەتە سەر ئیسماعیل یوسف باز، بەرپرسی ناوچەی کەناراوەکان لە حیزبوڵا و کوشتوویانە.

لە راگەیەندراوێکی دیکەدا سوپاکە ئاماژەی بەوەکردووە، لە ناوچەی کەفر دونین، محەمەد حسێن مستەفا شەحوری-یان کردووەتە ئامانج کە بەرپرسی یەکەی مووشەک بووە لە کەرتی رۆژئاوای هێزی رەزوان سەر بە حیزبوڵا.

سوپای ئیسرائیل باسی لەوەشکردووە، محەمەد حسێن مستەفا شەحوری بەرپرس بووە لە پلاندانان و جێبەجێکردنی چەندین کردەی ئاڕاستەکردنی مووشەک بەرەو خاکی ئیسرائیل لە باشووری لوبنانەوە.

لە هەمان راگەیەندراودا، سوپای ئیسرائیل کوشتنی مەحمود ئیبراهیم فەزڵوڵاشی ئاشکراکردووە کە بە چالاکوانێکی یەکەی مووشەکی حیزبوڵا ناوی بردووە.

لە بەرامبەردا حیزبوڵا کوژرانی باز و شەحوری پشتڕاستکردووەتەوە بێ ئەوەی پلە سەربازییەکانیان ئاشکرا بکات و دانی بە کوژرانی فەزڵوڵاشدا ناوە.

بەوشێوەیەش ژمارەی ئەو ئەندامانەی حیزبوڵا کە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە 8ی تشرینی یەکەمی 2023ەوە کوژراون بۆ 277 کەس بەرزبووەوە.