هەشتەمین دیداری سلێمانی بە سپۆنسەری کەناڵ8 بەڕێوەدەچێت

هۆڵی دیداری سلێمانی. فۆتۆ: كەناڵ8

ئەمڕۆ چوارشەممە، هەشتەمین دیداری سلێمانی بە سپۆنسەری کەناڵ8  و بە بەشداری دەیان کەسایەتی سیاسی و ئەکادیمی لە ناوخۆی هەرێمى کوردستان و عێراق و دەرەوەی وڵات، لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی دەستپێدەکات و دوو رۆژ دەخایەنێت.

دیدارەکە بە سپۆنسەرى سەرەکى کەناڵ8 دەبێت، لە ژێر ناوى "ململانێکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست" و تێیدا ژمارەیەک سەرکردە و کەسایەتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق،  رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا، تاوتوێی پرسە سیاسی و ئابووری و ژینگەییەکان دەکەن.

پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و عێراق، یەکێکە لە تەوەرە سەرەکییەکانى دیدارەکە و گفتوگۆى چڕى لەبارەوە دەکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و گرفتەکانى کەمبوونەوەى ئاو و چۆنیێتی رووبەڕووبونەوەی لەلایەن وڵاتان، لە دیدارەکەدا تاوتوێدەکرێن و جەخت لە رێکارەکانى بەردەم پاراستنى ژینگە لە نێوان وڵاتان دەکرێنەوە.

لە دیدارەکەدا پانێلى، سیاسیی، ئابوورى و ژینگەیی لەلایەن ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسى باڵاى عێراق و هەرێمى کوردستان و بە بەشداریی ژمارەیەک لە شارەزا و ئەکادیمیستە جیهانییەکان پێشکەش دەکرێن.

دیدارى سلێمانى، یەکێکە لە گەورەترین دیدارە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لە ساڵى 2013ەوە دەستیپێکردووە، سەکۆیەکە بۆ گفتوگۆ و دیبەیت لە نێوان سەرکردەکاندا لەسەرانسەرى جیهان، یەکەمین دیدارى گەورەى سیاسەتە لە عێراق کەتیایدا سیاسییەکان، توێژەران، چالاکوانان و رۆژنامەنوسان، لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکاوە بەشداریى تێدا دەکەن.