جەنگی ئەمجارەی دوو گەورەکەی ئەوروپا ئه‌مشه‌و به‌رێوه‌ده‌چێت

دوای یەکسانبوونیان لە یاریی چوون، ئەمشەو یانەی مانچێستەرسیتی ئینگلیزی لەناو یاریگەی ئیتیحاد لە یاری لوتکەدا میوانداریی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دەکات.

جەنگی ئەمجارەی دوو گەورەکەی ئەوروپا لەسەر بلیتێکی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ دەبێت، سیتیزن لە باشترین بارودۆخدا رووبەڕووی یانەی شاهانە دەبێتەوە، چونکە تیپەکەی پێپ گواردیۆلا لەهیچ یاریزانێکی پێکهاتەکەی بێبەش نابێت و هیچ پێکان و راگیرانێک لە لیستی یاریزانەکانیدا نییە.

هاوکات یانەکەی شاری مانچێستەر، لەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ سەرجەم رکابەرەکانی دووچاری شکستبوون و بەجیاوازیی دوو خاڵ پێشەنگی خولەکەی وەرگرت، لەبەرئەوە بە متنمانە بەخۆبوونێکی زۆرەوە یارییەکەی ئەمشەو ئەنجامدەدەن، ئەوەشیان لەیادنەچووە وەرزی رابردوو لەهەمان یاریگە بەچوار گۆڵی بێوەڵام مێرێنگیان کردە دەرەوەی پاڵەوانییەتیەکە، مان سیتی بەبردنەوەی یارییەکەی ئەمشەو ریکۆردی زنجیرە بێشکستەکانی لەمێژووی خۆیدا یەکساندەکاتەوە، کە لە 42 یاری ناو یاریگەی خۆی دووچاری شکستنەبووە.

هاندەرانی ریاڵ مەدرید ئارامن، هەست ناکەم سترێس بن، مەدرید هەمیشە رکابەری کردووە، بۆیە هیچ پێویست ناکات سترێس بن بۆ ئەم یارییە، بە پێچەوانەوە دەبێت زۆر دڵخۆش بن، چونکە بە متمانەوە دەچینە نیو یاریگە و ئەمشەو هەوڵ دەدەین ئەوەی دەمانەوێت بەدەستی بهێنین، بیریشمان نەچێت 90 خولەکمان هەیە بۆیە دەکرێت هەموو شتێک رووبدات، بەڵام پێم وایە بای ئەوە کوالیتیمان هەیە کە بتوانین کێشە بۆ یانەی بەرامبەر درووستبکەین.

کارلۆ ئەنچیلۆتی، راهێنەرى ریال مەدرید.

بەڵام، ریال مەدریدی 14 جار پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ ئەوەندە نێچیرێکی ئاسان نابێت بۆ مان سیتی و سەرەڕای قورسی ئەرکەکەیان، کوڕانی کارلۆ ئەنچیلۆتی لەم هەفتەیەدا پشوویان وەرگرت و بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئامادەن، بەڵام ژمارەکان بەپێچەوانەی خواستی یانەی شاهانەوەیە، چونکە لە دوایین حەوت یارییان بەرامبەر مان سیتی تەنیا یەک بردنەوەیان بەدەستهێناوە.

ئەنچیلۆتی و یاریزانانی ریال مەدرید خۆیان تاقیکردنەوەیەکی قورس ئامادەکردووە و ئامانجیان ئەوەیە بۆ چوارەمجار لەسەریەک خۆیان بگەیەنە پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ، بەڵام نابێت ئەوە لەیادبکرێت، کە ریال مەدرید هەرگیز لە ئینگلتەرا نەیتوانیوە لە مان سیتی بباتەوە.