سالار مەحمود: ئەو ململانێیەی لەبارەی هەڵبژاردن دروستبووە سوكایەتییە بە ئیرادەی خەڵك

سالار مەحمود، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان. فۆتۆ: كەناڵ8

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت، ئەو ململانێیەی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروستبووە، سوكایەتییە بە ئیرادەی خەڵك و یاسا و پەرلەمان، ناكرێت هەموو شتێك لە بەرژەوەندی كەسی و حیزبی بێت.

سالار مەحمود، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ستۆدیۆكانی كەناڵ8 لە دیداری سلێمانی گوتی، بەگوێرەی مەرسوومی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەبێت هەڵبژاردن لە 10ـی 6ـی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، روونە جگە لە پارتی دیموكراتی كوردستان هەموو لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا بكرێت.

گوتیشی، كۆمیسیۆن و حكومەتی فیدراڵی بەرپرسن لە دواخستن و دوانەخستنی هەڵبژاردن، گرنگە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكرێت، بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی حكومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان سەرلەنوێ شەرعیەت وەربگرنەوە و باڵانسی هێز بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، وەكو یەكێتی لەگەڵ ئەوەن لەكاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی باسی لەوەشكرد، ئەو ململانێیەی لەبارەی هەڵبژاردن هەیە سوكایەتییە بە ئیرادەی خەڵك و یاسا و پەرلەمان كە مەرجەعی سیاسی و یاساییە، چونكە حكومەت ناتوانێت بەبێ پەرلەمان حكومداریی بكات و هیچ دامەزراوەیەك ناتوانێت سەركەوتوو بێت بەبێ چاودێری پەرلەمان، پەرلەمانی كوردستان ئیرادەی گەلە.

پێشیوایە، ناكرێت هەموو شتێك لە بەرژەوەندی كەسی و حیزبی بێت و پەرلەمان و دامەزراوەكانی دەوڵەت پەراوێز بخرێن، بۆیە بە گرنگی دەزانن بۆ ئەوەی كێشەكان چارەسەربكرێت پێویستە هەڵبژاردن بكرێت، نەریتێكی خراپ پەیدا بووە و دەبێت هەموو خولێك وادەی پەرلەمان درێژبكرێتەوە، ئەوەش لە هیچ شوێنێكی جیهاندا نییە.

لەبارەی ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رەخنەی ئەوە دەگرێت كە دیزان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كراوە رایگەیاند، "راستە دیزاین كراوە، بەشێوەیەك كە رێگەنەدرێت كەسانی مردوو دەنگ بدەن و باڵانس لە نوێنەرایەتی پارێزگاكان هەبێت، ئەو قسەیە بەمشێوەیە راستە".