لە مەریوان گرژی لەنێوان هێزەئەمنییەکانی ئێران و هاونیشتمانییان دروستبوو

شەوی رابردوو لە شارۆچکەى مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای کوشتنی کۆڵبەرێک بە ناوی "سەیوان دەستئەفکەن"، بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران، شەڕ و ئاڵۆزیی لە نێوان کەسوکاری کۆڵبەرە کوژراوەکە و هێزەکانی پۆلیسی شارەکە دروستبوو.

ماڵپەڕى هەنگاو بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو 17ی نیسانی 2024 کەسوکاری ئەو کۆڵبەرە کوژراوە لەبەردەم نەخۆشخانەی ئەیوب عەلی، شارۆچکەى مەریوان گردبوونەوە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رێگرییان لێکرا، بەوەش گرژیی و ئاڵۆزیی لە نێوان هێزەئەمنییەکانی ئێران و کەسوکاری سەیوان دەستئەفکەن دروستبوو.

دوای گردبوونەوەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە رێگریی کرا، بەوەش گرژی و ئاڵۆزی لەنێوانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران و کەسوکاری سەیوان دەستئەفکەن دروستبوو.

کۆڵبەرە کوژراوەکە خێزاندارە و باوکی منداڵێکە و خەڵکی گوندی دەرە پەیمانەى سەربە شارمەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لەکاتی کۆڵبەریی لە سنووری تەتەی سەوڵاوا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانى ئێران کوژرا.

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، هێزە چەکدارەکانی ئێران بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێش وەختە و لەمەودایەکی نزیکەوە دەستڕێژیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە، بەو هۆیەوە سەیوان دەستئەفکەنی تەمەن 35 ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی فیشەک گیانیلەدەستداوە.

بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی "کوردپا"، تەنیا لە ساڵی 2023دا 507 کۆڵبەر بەهۆی رووداوەکانی وەک تەقەی راستەوخۆی هێزەکانى سنوور، هەڵدێران لە شاخ، رەقبوونەوە و تەقینەوەی مین و رووداوە جۆراوجۆرەکان کوژراون و برینداربوون، لەو ژمارەیەش 44 کۆڵبەر کوژراون و 463 کۆڵبەری دیکە بریندارکراون، 28 لەو کۆڵبەرانەی کە کوژراون تەمەنیان لەخوار 18 ساڵەوەبووە.