ئەرکێکی قورس چاوەڕێی کوڕانی یۆرگن کلۆپ دەکات

یانەی ئەتەلانتا دوای ئەوەی لە یاری چوونی ناو یاریگەی ئانفێڵد بە سێ گۆڵی بێوەڵام لیڤەرپووڵی خاوەن یاریگەی شۆککرد، ئەمشەو لە بێرگامۆ میوانداری لە یانە ئینگلیزییەکە دەکات و ئەرکێکی قورس چاوەڕێی کوڕانی یۆرگن کلۆپ دەکات، چونکە یانە ئیتاڵییەکە ئامانجی گەیشتنە بە قۆناغی پێش کۆتایی پاڵەوانییەتیەکە بۆ دووەمجار لەمێژوویدا.

لیڤەرپووڵ پێشتر لە یاری چوونی پاڵەوانییەتیە ئەوروپییەکان تەنیا دووجار لەناو یاریگەی خۆی دووچاری شکستبووە و لەهەردوو جارەکەدا ماڵئاواییکردووە، رێدز لەم هەفتەیەی پرێمەرلیگ بەرامبەر کریستال پاڵاس دووچاری شکستێکی چاوەڕواننەکراو بوو، بەوهۆیەوە لە کێبڕکێی ناسناوی پرێمەرلیگ کەمێک دوورکەوتەوە، بەڵام لەئەگەری سەرکەوتنیان بۆ پێش کۆتایی یۆرۆپالیگ ئەوا یۆرگن کلۆپ دەبێتە یەکەم راهێنەری لیڤەرپووڵ، کە پێنج جار یانەکە بگەیەنێتە پێش کۆتایی پاڵەوانییەتیە ئەوروپییەکان.

یانەکەی مێرسیساید خاوەنی مێژووییەکی زێڕینە لە گەڕانەوەکاندا و پێویستیان بە ئاستێکی بەرزی هاوشێوە دوایین سەردانیانە بۆ بێرگامۆ، کاتێک لە نۆڤێمبەری 2020 بەئەنجامی پێنج گۆڵی بێوەڵام لە ئەتەلانتای خاوەن یاریگەیان بردەوە، بەڵام بارودۆخی هەردوو یانە لەم وەرزەدا جیاوازییەکی زۆری هەیە.

لەلای خۆیانەوە یانە ئیتاڵییەکە دەیەوێت بەردەوامبێت لە خەونەکەیی و بۆ هەمووانی بسەلمێنێت شایستەی گەیشتنە بە قۆناغی پێش کۆتایی، کە لەدوایین 22 یاری پاڵەوانییەتیەکەدا تەنیا دووچاری یەک شکستبوون، هاوکات پێشتر لە دوو بۆنەدا یاری چوونی یۆرۆپالیگیان لە قۆناغە یەکلاکەرەوەکاندا بردووەتەوە و لەهەردووکیاندا سەرکەوتوونە بۆ قۆناغی داهاتوو.