سینەما و شوناس.. توێژینەوەیەکی سۆسیۆلۆژی لە شوناسی کۆمەڵایەتی سینەمای کورد

هەوراز محەمەد، دەرهێنەر و سینەماکار، کتێبی "سینەما و شوناس"ـی بڵاوکردەوە، کە بەمەبەستی تێگەیشتن لە مێژوو، ئێستا و ناوەڕۆکی فیلمی کوردی نوسیویەتی، هەروەها خوێندنەوەیەکە بۆ زمانی سینەمایی دەرهێنەری کورد و ئەو دنیایەی کە فیلمسازیی کورد لە رێی فیلمەکانیانەوە دروستیان کردوە.

هەوراز محەمەد، لەبارەی کتێبی "سینەما و شوناس.. توێژینەوەیەکی سۆسیۆلۆژی لەشوناسی کۆمەڵایەتی سینەمای کورد"ـدا بە کەناڵ8ـی گوت، کتێبێکە بۆ تێگەیشتن لە مێژوو، ئێستا و ناوەڕۆکی فیلمی کوردییە، خوێندنەوەیەکە بۆ زمانی سینەمایی دەرهێنەری کورد و ئەو دنیایەی کە فیلمسازیی کورد لە رێی فیلمەکانیانەوە دروستیان کردوە، کتێبەکە توێژینەوەیەکی کۆمەڵناسییە لەبارەی شوناسی کۆمەڵایەتی تاکی کورد لەناو فیلمی کوردیدا".

کورتەی نوسەر لەبارەی کتێبەکەوە:

هەر گەلێک وێنە لەبارەی خۆیەوە بەرهەم نەهێنێت، مەحکومە بە لەناوچوون..

ئەم توێژینەوەیە هەوڵێکی زانستی و ڕێگه‌یەکە بۆ دۆزینەوەی ئەو هێڵانەی، کە دەمانگەیەنێت بە وەڵامی ئەو پرسیارەی شوناسی کۆمەڵایەتی کورد چییە و چۆن لە سینەمای کورددا دەرکەوتووەتەوە؟ بەتێگەیشتن لە تیۆرییەکانی شوناسی کۆمەڵایەتی و هاوتاکردنی لەگەڵ دۆخی تاک لە کۆمەڵگەی کوردیدا و دواجاریش لەو رێگەیەوە خوێندنەوە بۆ فیلمەکان، بۆمان دەردەکەوێت شوناس و کەسێتی کۆمەڵایەتی کورد چۆنە و چییە؟.

چەمکی شوناس و ناسینی کەسێتیی کۆمەڵایەتی مرۆڤی کورد، لە شێوەی کولتووریدا و لە ئاستەکانی ئاگایی و نائاگاییدا، جارێکی تر چۆن خۆیان بەرجەستە دەکەنەوە و لە بەرهەمە کولتوورییەکاندا، بە تایبەت لە فیلمە سینەماییە کوردییەکاندا چۆن رەنگ دەدەنەوە؟.

کتێبەکە چاپکراوی نوێی ناوەندی غەزەلنووسە، لە ئێستادا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بەردەستە، لە داهاتوویەکی نزیکدا و لە مەراسیمێکدا لە سلێمانی بە ئامادەیی نوسەر کتێبەکە بڵاودەکرێتەوە.