کتێبی "پێشانگەی تەرمەکان" چاپ و بڵاودەکرێتەوە

کتێبی "پێشانگەی تەرمەکان"ـی حەسەن بەلاسمی ڕۆماننووسی عێراقی بڵاودەکرێتەوە، کە زانیار عەلی وەرگێڕ، لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردیی.

ئالان پەری، شاعیر و وەرگێڕ و بەرپرسی وەشانی نووسیار، بە کەناڵ8ـی راگەیاند، وەشانی "نووسیار" لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا، بەم نزیکانە کتێبی (پێشانگەی تەرمەکان)  چاپ و بڵاوده‌كاته‌وه، ئەم کتێبە لە نووسینی چیرۆکخوان، فیلمساز و ڕۆماننووسی عێراقی "حەسەن بەلاسم"ـە و زانیار عەلی لە عەرەبییەوە وەریگێڕاوە.

ئالان پەری ئاماژەی بەوەداوە، کتێبەکە لە دوو کۆمەڵە چیرۆک پێکهاتووە، "سەرشێتەکەی مەیدانی ئازادی" و "مەسیحی عێراقی"، هەردوو کۆمەڵەکە پێکەوە ناونیشانی "پێشانگەی تەرمەکان"ـیان هەڵگرتووە، چەند چیرۆکێکی تریان بۆ زیاد کراوە و هەموویان پێکڕا دەبنە 25 چیرۆک.

باسی لەوەشکردوە، ئەم کتێبە بۆ زیاتر لە بیست زمانی جیهانیی وەرگێڕدراوە، دوای کتێبی "فەرهەنگەپیاو"، ئەمە دەبێتە دووەم کتێبی پرۆژەی وەرگێڕانی کۆبەرهەمی حەسەن بەلاسم، بەدوایدا بەرهەمە گرنگەکانی دیکەی دێن و هەر لە وەشانی "نووسیار"ـەوە چاپ و بڵاودەکرێنەوە.

لەبارەی ئەم کتێبەوە، زانیار عەلیی وەرگێڕ دەڵێت:

چیرۆکەکانی ئەم کتێبە ئەگەرچی بە کۆمەکی خەیاڵ نووسراون، بەڵام نووسینەوەی واقیعێکن کە دوور و نزیک بە ئێمە ئاشنایە. گێڕانەوەی بەسەرهاتی مرۆڤە دۆڕاو، دوورەپەرێز و دڵشکاوەکانی کۆمەڵگەن. ڕووتکردنەوەی ناخی ئەو مرۆڤانەیە کە بەر نەفرەتی خودا کەوتوون و بێزاری و بیری خۆکوژی تەنگی پێ هەڵچنیون. پیشاندانی دەروونی ئەو بوونەوەرەیە کە لەپێناو خۆیدا ئامادەیە هەموو شتێکی تر بکاتە قوربانی!

ڕەنگە پێمان وا بێت چیرۆکەکان خەیاڵین، نەکردەیە ئەم ڕووداوانە لە دنیای ڕاستەقینەدا ڕوویان دابێت؛ بەڵام نووسەر لە زۆر جێ دڵنیامان دەکاتەوە کە ڕاستەقینەن. لێرەدا تەنها باس لە گێڕانەوەیەکی تۆقێنەر و کوشتن و ئەشکەنجە ناکەین، ئەم چیرۆکانە کرۆکی ئاوابوونی مرۆڤ و ژیانە، ئێمە بۆ ئەوپەڕی لەناوبردن و نەمانی چاکە دەبات. دەتوانین بڵێین ئەم بەرهەمە یەکێکە لە باشترین و گرنگترین بەرهەمەکانی حەسەن بەلاسم. ئەم کتێبە ناوبانگی ئەوی بە جیهاندا بڵاو کردەوە و بۆ زۆر خەڵاتی گرنگی ئەدەبی پاڵێورا. لەڕێی ئەم چیرۆکانەوە ئاشنای دنیا ئەدەبییەکەی دەبین، کە ترس و تۆقین، جەنگ و کوشتار، گێڕانەوەیەکی فەنتازی بۆ ڕووداوەکانی عێراق؛ لە دیارترین تێماکانن. پێم وایە سەربوردەی تەمومژاویی کارەکتەرەکان، هەتا ماوەیەکی زۆر لە خەیاڵ و ئاوەزی خوێنەردا دەمێننەوە.

نووسەر لە چەند دێڕێکدا:

حەسەن بەلاسم، ڕۆماننووس و سینەماکاری عێراقی، ساڵی 1937 لە بەغداد لە دایک بووە، ئێستا لە وڵاتی فینلاند نیشتەجێیە، چەندان کتێبی لە ژانری چیرۆک، ڕۆمان، شیعر و سینەمادا بڵاوکراوەتەوە.

ساڵی 1999 بەغدادی بەجێهێشتووە و لە سلێمانی نیشتەجێبووە، لەگەڵ هەندێک سینەماکاری کورددا، فیلمی "زامی کامێرا"ـی دەرهێناوە، کتێبەکانی ناوبانگی جیهانییان پەیدا کردووە و بۆ چەندین خەڵاتی ئەدەبی پاڵێوراون، هاوکات بەشێکی زۆریشیان وەرگێڕدراونەتە سەر زمانە زیندووەکانی جیهان، ساڵی 2014، وەک یەکەم نووسەری عەرەب، خەڵاتی "ئیندپێندێنت"ـی بەریتانیای بۆ کۆمەڵە چیرۆکی "پێشانگەی تەرمەکان" بردووەتەوە. ڕۆژنامەی گاردیان وەک "باشترین نووسەری عەرەب کە لە ژیاندایە" ناوی بردووە.

"فەرهەنگەپیاو" یەکەم کتێبی چاپکراوی ئەوە. "ئەڵڵا 99 (ڕۆمان)"، "پێشانگەی تەرمەکان (کۆمەڵەچیرۆک)" لە دیارترین کتێبەکانی ئەون.

وەرگێڕ لە چەند دێڕێکدا:

زانیار عەلی، ساڵی 1999 لە شاری کەلار لە دایک بووە، وەرگێڕە و ئەدەبیات بە گشتی، ئەدەبیاتی عەرەبی بە تایبەتی وەردەگێڕێت، تا ئێستا خاوەنی نۆ بەرهەمی چاپکراوە:  کە پێکهاتوون لە (هێرمان هێسە/ ژیان و بەرهەم/ وەرگێڕان (2017)، بەخۆنازین لای نالی و موتەنەبی/ لێکۆڵینەوە/ ئارام جەلال/ وەرگێڕان (2018)، کۆماری مریەم/ ڕۆمان/ وارد بەدر ئەلسالم/ وەرگێڕان (2019) ، شیعرگەلێک؛ جەنگ لە باخەڵی شاعیرێکدا لە بیری چوون/ شیعر/ جان دۆست/ وەرگێڕان/ (2019)، وەک درەختێک بیر دەکەمەوە/ شیعر/ عەبدولعەزیم فنجان/ وەرگێڕان (2020)، فەرهەنگی کوردیی وێنەدار/ فەرهەنگ بۆ منداڵان/ ماجیدە ئەلحۆرانی/ وەرگێڕان و وردبینیی زمانەوانی (2021)، فەرهەنگەپیاو/ کۆمەڵەدەق/ حەسەن بەلاسم/ وەرگێڕان (2021)، سەربوردەی خەبات/ ڕۆمان/ جان دۆست/ وەرگێڕان (2022)، پێشانگەی تەرمەکان/ کۆمەڵەچیرۆک/ حەسەن بەلاسم/ وەرگێڕان (2024).