ئاژانسى فارس: دەنگى تەقینەوە لە فڕۆکەخانەى ئەسفەهان و بنکەى هشتم شکارى بیسترا

شارى ئەفسەهان لە ئێران.

ئاژانسى فارسى ئێرانى ئاشکرایکرد، دەنگى تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەى ئەسفەهان و بنکەى هشتم شکارى ئاسمانى کە بنکەیەکى سوپاى ئێرانە بیستراوە، هاوکات بەپرسێکى ئەمریکى گوتویەتى، "ئیسرائیل بە مووشەک چەند پێگەیەکى ئێرانى بۆردوومانکردووە".

ئاژانسى فارس بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ هەینى دەنگى تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەى ئەسفەهان بیستراوە، هاوکات دەنگى تەقینەوەش لە بنکەى هشتم شکارى ئاسمانى کە بنکەیەکى سەربە سوپاى ئێرانەوە بیستراوە.

لەبارەى تەقینەوەکان، تۆڕى (ئەى بى سى نیوز) لە زارى بەرپرسێکى ئەمریکییەوە رایگەیاندووە، ئیسرائیل لە رێگەى مووشەکەوە چەند پێگەیەکى لەناو ئێران بۆردوومانکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژى رابردوودا ئێران لە تۆڵەى هێرشەکەى سەر کونسوڵخانەکەى لە دیمەشقى پایتەختى سووریا لە رێگەى درۆن و مووشەکەوە هێرشیکردەسەر چەند پێگەیەکى ئیسرائیل، هاوکات ئیسرائیلیش بەڵێنى تۆڵەکردنەوەیدا.