ئاژانسى فەرمى ئێران: بەهۆى هەڕەشە ئاسمانییەکانەوە زیانى گەورە نەکەوتووەتەوە

تاوەرى ئازادى، لە تارانى پایتەختى ئێران. فۆتۆ: گوگڵ

ئاژانسى فەرمى هەواڵى ئێران ئاشکرایکرد، پاش ئەوەى چەند راپۆرتێک لەسەر بیستنى دەنگى چەند تەقینەوەیەک لە نزیک شارى ئەسفەهان بڵاوبووەوە، بەگوێرەى زانیارییەکان هیچ زیانیکى گەورە نەکەوتووەتەوە.

ئاژانسى ئیرنا کە ئاژانسى فەڕمى هەواڵى ئێرانە رایگەیاندووە، رۆژى هەینى چەند راپۆرتێک لەسەر بوونى چەند تەقینەوەیەک لەنزیک شارى ئەسفەهان بڵاوکرایەوە، بەگوێرەى زانیارییەکان زیانى گەورە بەهۆى ئەو تەقینەوانەوە نەکەوتووەتەوە.

روونیشکراوەتەوە، پاش خستنەکارى بەرگریى ئاسمانى لە هەندێک ناوچەى ئێران، راپۆرتەکان باسلەوەدەکەن کە هەڕەشە ئاسمانییەکان زیانى گەورەیان لێنەکەوتووەتەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى ئیرنا، دامەزراوە گەورەکانى وەکو دامەزراوە ئەتۆمییەکان، بەتەواوەتى پارێزراون و هیچ زیانێک یاخود رووداوێک رانەگەیەندراوە.

هاوکات، ئاژانسى تەسنیم ئاماژەى بەوەکردووە، ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیەیى ئێران بەتەواوەتى ئەو راپۆرتانەى رەتکردووەتەوە کە باس لەوەدەکەن، ئەنجوومەنەکە بەهۆى تەقینەوەکانەوە کۆبوونەوەى بەپەلەى ئەنجامدابێت.