باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل هۆشدارایی دەداتە کارمەندانی

بینای باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل فۆتۆ: AFP

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل داوا لە کارمەندەکانی و بنەماڵەیان دەکات هاتوچۆ سنووردار بکەن
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئیسرائیل رۆژی هەینی داوای لە کارمەندەکانی و بنەماڵەکانیان کرد، جموجۆڵەکانیان لەو وڵاتە سنووردار بکەن، ئەم ئاگادارکردنەوەیە، دوای چەند کاتژمێرێک لە تەقینەوەکانی ئێران دێت، کە بەرپرسانی ئەمریکا ئیسرائیل بە ئەنجامدەری دەزانن.

لە پێگەی ئەلیکترۆنیی باڵیۆزخانەکەدا هاتووە کە "کارمەندان و ئەندامانی خێزانەکانیان " ناتوانن " بە هۆکاری کەسی" لە دەرەوەی شارەکانی تەلئەبیب، قودس و بئیرولسەبع هاموشۆ بکەن، ئاماژە بەوەشکراوە کە ئەم رێنماییە "تاوەکو ئاگادارکردنەوەیەکی دیکە" کارا دەبێت.

ئاژانسى فارسى ئێرانى ئاشکرایکرد، دەنگى تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەى ئەسفەهان و بنکەى هشتم شکارى ئاسمانى کە بنکەیەکى سوپاى ئێرانە بیستراوە، هاوکات بەپرسێکى ئەمریکى گوتویەتى، "ئیسرائیل بە مووشەک چەند پێگەیەکى ئێرانى بۆردوومانکردووە".

ئاژانسى فارس بڵاویکردووەتەوە، بەرە بەیانى رۆژی هەینى دەنگى تەقینەوە لە نزیک فڕۆکەخانەى ئەسفەهان بیستراوە، هاوکات دەنگى تەقینەوەش لە بنکەى هشتم شکارى ئاسمانى کە بنکەیەکى سەربە سوپاى ئێرانەوە بیستراوە.

لەبارەى تەقینەوەکان، تۆڕى (ئەى بى سى نیوز) لە زارى بەرپرسێکى ئەمریکییەوە رایگەیاندووە، ئیسرائیل لە رێگەى مووشەکەوە چەند پێگەیەکى لەناو ئێران بۆردوومانکردووە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژى رابردوودا ئێران لە تۆڵەى هێرشەکەى سەر کونسوڵخانەکەى لە دیمەشقى پایتەختى سووریا لە رێگەى درۆن و مووشەکەوە هێرشیکردەسەر چەند پێگەیەکى ئیسرائیل، هاوکات ئیسرائیلیش بەڵێنى تۆڵەکردنەوەیدا.