هیندییەکان پەرلەمانی نوێ بۆ وڵاتەکەیان هەڵدەبژێرن

دەنگدەرێکی هیندی فۆتۆ: AP

هیندییەکان لە گەورەترین پرۆسەی هەڵبژاردنی جیهان دەچنە سەر سندوقەکانای دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانێکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان.

رۆژی هەینی، 19ی نیسان، لە هەڵبژاردنێکی شەش هەفتەییدا ملیۆنان هیندستانی دەیانەوێت 543 ئەندام بۆ پەرلەمانەکەیان دیاریبکەن.

دەنگدەران لە کاتژمێر 7ی سەرلەبەیانی چوونە بنکەکانی دەنگدان لە 21 ویلایەتی هیندستان دەنگدەدەن، لە هیمالایاوە تاوەکو "دوورگەکانی ئەندامان"ی کەمەرەیی.

نزیکەی 970 ملیۆن هیندی کە وڵاتەکەیان زیاتر لە 10%ی دانیشتووانی جیهان پێکدەهێنێت، 543 ئەندامی پەرلەمان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەستنیشاندەکەن.

ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییە، تاوەکو 1ی ​​حوزەیران بەردەوامدەبێت، دەنگەکان لە 4ی حوزەیران جیادەکرێنەوە.

ئەم هەڵبژاردنە، وەک یەکێک لە گرنگترین هەڵبژاردنەکانی مێژووی هیندستان سەیر دەکرێت و سنووری هەژموونی سیاسی ناریندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەوە.

ئەگەر مودی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، ئەوا دەبێتە دووەم سەرکردەی هیندستان کە بۆ سێیەم خولی لەسەریەک، دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت، پاش جەوهەرلال نەهرۆ، یەکەم سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە.

زۆرینەی ڕاپرسییەکان پێشبینی سەرکەوتنی مودی و پارتی ناسیۆنالیستی هیندۆسی بەهاراتیا جاناتا دەکەن، کە رووبەڕووی هاوپەیمانییەکی بەرفراوانی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە بە سەرۆکایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی هیندستان.

دیار نییە کێ سەرکردایەتی هیندستان دەکات ئەگەر هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆن کە ناوی هیندستانە لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، هاوکات تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 لایەن کاندیدیان پێشکەش نەکردووە.

پارتی بەهاراتیا جاناتا بەشێکی زۆری باکوور و ناوەڕاستی بەشی هیندی زمانی بەدەستەوەیە، بەڵام ئێستا هەوڵدەدات پێگەی خۆی لە رۆژهەڵات و باشووری وڵاتەکەش پتەو تر بکات.