لێدوانى عەتا سەراوى بۆ کەناڵ8 لەدواى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلەکەى

عەتا سەراوى ئەندامى پێشووى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتیمانیی کوردستان بە کەناڵ8ى راگەیاند، لەماڵەوە چوەتە چێشتخانەیەک بۆنانخواردن دواى ئەوەى بۆماوەى پێنج خولەک ماونەتەوە لەناو چێشتخانەکە ئۆتۆمبێلەکەى تەقیوەتەوە.

گوتیشى، روداوەکە زیانى گیانى نەبوەو ئۆتۆمبێلەکەى پێش ئەوەى بچنە چێشتخانەکە لەبەردەم ماڵى خۆیان راگیراوە.

دەزگاى ئاسایشى هەرێم روونکردنەوەیەکى لەبارەى رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پاش ئەوەی رۆژی 19ـى 4ى 2024 کاتژمێر 12 لەگەڕەکی شەهیدانی سەرچنار، رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک روویدا و هیچ زیانیکی گیانی لێ نەکەوتەوە و دەستبەجێ لەگەڵ گەیشتنی هێزەکانی ئاسایش لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەستیپێکردووە".

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە "لەئێستادا هێزەکانی ئاسایش لە شوێنی رووداوەکەن بەمەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە".

پێشتر سەرچاوەیەک لە ئاسایشى سلێمانى بە کەناڵ8ى راگەیاند، ئۆتۆمبێلێک تەقیوەتەوە و لەگەڵیدا زیان بە دوو ئۆتۆمبێلی دیکە گەیشتووە.

دژەتیرۆرى کوردستان لەسلێمانى راگەیەندراوێکى لەبارەى رووداوەکە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لێکۆڵینەوە لە رووداوى تەقینەوەى ئۆتۆمبێلێک لەگەڕەکى شەهیدانى سەرچنار لە سلێمانى بەردەوامە.

دژەتیرۆرى کوردستان لە سلێمانی، ئەوەشى خستووەتەڕوو، دوایین ئەنجامى لێکۆڵینەوە و دروستیی رووداوەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بڵاودەکرێتەوە.

سامان نادر، بەڕێوەبەرى فریاکەوتنى خێرای سلێمانى بەکەناڵ8ى راگەیاند، هیچ بریندارێکى رووداوى تەقینەوەکە لە سلێمانى نەگەیەندراوەتە نەخۆشخانەکان.

پەیامنێرى کەناڵ8 لەشوێنى رووداوەکەوە رایگەیاند، رووداوەکە لەگەڕەکى شەهیدانى سەرچنارى شارى سلێمانى بووە و ئۆتۆمبێلێک لەکاتى پارککردن تەقیوەتەوە و دوو ئۆتۆمبێلی دیکە لەنزیکى رووداوەکە زیانیان بەرکەوتووە.