مۆزەخانەیەکی ئەمریکی پارچەیەکی شوێنەواریی بۆ عێراق دەگەڕێنێتەوە

مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان بۆ هونەرەکان لە نیویۆرک، پەیکەرێکی گەڕاندووەتەوە بۆ عێراق، کە بۆ سێ هەزار ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە، لە مس دروست کراوە.

پەیکەرەکە مسەکە، کە لە مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان لە ناو کۆمەڵەی "پیاوێک کە سندوقێکی هەڵگرتووە" دانرابوو، گەڕێندراوەتەوە و رادەستی بەرپرسانی کولتووری عێراق کراوە.

لە هەواڵێکدا ماڵپەڕی "الحرة" ئاماژەی بەوەکردوە، توێژەران پێیان وایە لە رابردوودا ئەو پەیکەرە لە یەکێک لە پەرستگاکانی عێراقدا نمایشکراوە، بەر لەوەی لە ساڵی 1955ـدا ببێت بە بەشێک لە کۆمەڵەکەی مۆزەخانەی میترۆپۆلیتان.

ئەو پەیکەرە بەشێک بووە لە کەلوپەلەکانی "ئیلیاس س. دەیڤید"ـی بازرگان، کە پسپۆڕی بواری کۆکردنەوەی کەلوپەلە مێژوویی و شوێنەوارییەکان بووە لە رۆژهەڵاتدا، بەر لەوەی لە ساڵی 1969ـدا کۆچی دوایی بکات.

گەڕاندنەوەی پارچە شوێنەوارییەکانیش دوای ئەوە دێت، داواکاریی گشتی مانهاتن لێکۆڵینەوەی لەبارەی کۆمەڵێک لە شوێنەواریی تایبەتییەوە دەست پێکرد، کە لە ساڵانی نێوان حەفتاکان و نەوەدەکاندا کۆکرابوونەوە و پەیوەندییان بە شوێنە تاڵانکراوەکانەوە هەبوو.

لەو کاتەشەوە مۆزەخانەکە چەندین پارچەی گەڕاندووەتەوە بۆ وڵاتە جیایاکان کە پێشتر کۆیکردبوونەوە، بەشێکیان تایبەت بوون بە وڵاتانیی وەک، تورکیا، میسر و ئیتاڵیا.

لەدوای وەرگرتنەوەی پارچە شوێنەوارییەکەش، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، ئەو پارچە مێژووییە بۆ سەردەمی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، هەڵگری مۆرک و مێژوو و شارستانییەتی وڵاتەکەیە، حکومەتی عێراقیش بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ هێنانەوەی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی کە بۆ شارستانییەکانی رافیدەین دەگەڕێنەوە، بەتایبەت کە دوای ئەوەی لە رابردوودا وڵاتەکە رووبەڕووی شەپۆلێک لە پشتگوێخستن و دزی بووەوە، کە بووە هۆی لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە سامانیی شوێنەواریی.