سودانی: شتێک نییە بەناوی دابەشکردنی مووچە

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق. فۆتۆ: پەڕەى سودانى لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، شتێک نییە بەناوی دابەشکردنی مووچە، بەڵکو ئەوەی هەیە ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، دادگای فیدراڵی ئەو لایەنەیە کە زۆرجار پەنای بۆ دەبەین و ناکۆکییەکان یەکلایی دەکاتەوە.

لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانسودانی گوتی، شتێک نییە بەناوی دابەشکردنی مووچە، بەڵکو ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانە و دەستمانکردووە بە جێبەجێکردنی کارەکانی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشکرد، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان نابێت داوای ماف بکەیت و ئەرکەکانت جێبەجێنەکەیت و پێویستە سەرجەم داهاتە نەوتیی و نانەوتییەکان رادەستی عێراق بکرێتەوە.

سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتیشی، "ئێمە لە حکومەتى فیدراڵی ناتوانین کرێی 26 دۆلار بۆ یەک بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان خەرجبکەین، چونکە هیچ پشتگرییەکی یاساییمان نییە".

باسی لەوەشکرد، "دوو رێگە چارەمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەوتی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو، یان دەبێت گرێبەستە نەوتیییەکان هەمواربکرێنەوە، یاخود دەبێت بودجە هەموار بکرێتەوە".