داوایەک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە لەبارەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆران

ئامێرێکى ئەلکترۆنى راکێشانى پارە.

وەزارەتی دارایی عێراق داوای زانیاری فەرمانبەرانی هەرێم دەکات، بۆ دروستکردنی هەژماری بانکی بۆیان لە بانکەکانی رەشید یاخود رافیدەین یان بانکی بازرگانی عێراقی.

وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، نووسراوێک ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، تیایدا داوا دەکات زانیاریی تەواوی کارمەندانی هەرێمی کوردستانیان بۆ بنێردرێت، بەمەبەستی تەواوکردنی رێوشوێنەکانی بەبانکیکردن مووچەکانیان.

داواکە لەسەر بنەمای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە کە تیایدا هاتووە، بەبانکیکردن دەبێت لەرێگای بانکەکانی حکومەتی عێراقەوە بێت، ئەوانیش بانکی بازرگانیی عێراق یاخود بانکەکانی رەشید و رافیدەینن.

بەگوێرەی نوسراوەکەی وەزارەتی دارایی کە واژۆی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە، داوای زانیارییە گشتییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کراوە، وەکو ناوی چواریی، بەرواری لەدایکبوون، ناوی دایک، ژمارەی تەلەفۆن، ناونیشان و ژمارەی پیشەیی.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بە گوێرەی ئەم زانیاریانە بانکە حکومییەکانی رەشید و رافیدەین یاخود بانکی بازرگانی عێراق، هەژماری بانکی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان درووستدەکەن و لەرێگەیەوە مووچەی فەرمانبەران خەرج دەکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، تاوەكو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان رژدە لەسەر بژاردەی "هەژماری من" بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بەغدادیش هەژماری من رەتدەکاتەوە.