لیژنەیەکى ئەمریکى - عێراقى بۆ چارەسەرى کێشە بانکيیەکان پێکهێندرا

بانكی ناوەندیی عێراق- فۆتۆ: گوگڵ

پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکى ئەمریکى - عێراقى بۆ چارەسەرى کێشە بانکییەکانى عێراق لە کۆبوونەوەى نێوان شاندى عێراق و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا پێکهێندراوە.

عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندی عێراق رایگەیاند، لەکۆبوونەوەى نێوان شاندى عێراق و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بریاردراوە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لە نێوان بانکى ناوەندی عێراق، وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، بانکى فیدڕاڵى ئەمریکى.

لیژنەکە پێکەوە کار لەسەر دۆسیەى ئەو بانکە عێراقییانە دەکەن کە لەماوەى رابردوو لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا سزادراون.

پارێزگارى بانکى ناوەندى عێراق دەڵێت، رێکارەکانى بانکى ناوەندى بۆ گواستنەوەى پارە بۆ دەرەوە لە 80% سەرکەوتوو بووەو کاردەکەن بۆئەوەى تا کۆتایی ئەمساڵ بەگوێرەى پێوەرە سەردەمییەکانى گواستنەوە "حەواڵەى دراو" کاربکەن و ئەو 20%کەماوە چارەسەرى بکەن.

عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندی عێراق باسى لەوەشکردوە، بانکەکان پێویستە لەرووى تەکنیکییەوە پەرە بەکارەکانیان بدەن و لەگەڵ سندوقى دراوى نێودەوڵەتى بەردەوامن لەکارکردن و لە ئایندەیەکى نزیکدا شاندێکى بانکى نێودەوڵەتى سەردانى عێراق دەکەن.

لەساڵى رابردوو وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا ژمارەیەک بانکى عێراق و هەرێمى کوردستانى سزاداو رایگەیاند، ئەو بانکانە هەوڵى بردنەدەرەوەى دۆلاریان بە قاچاخداوەو پارەیان سپى کردوەتەوە.