د. ئەحمەد کەرکوکی: سودانی لە ئەمەریکا بگەڕێتەوە پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلادەکاتەوە

ئەحمەد كەركوكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئەمریکا بگەڕێتەوە، پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلادەکاتەوە.

د. ئەحمەد کەرکوکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک بە کەناڵ8ـی راگەیاند، تاوەکو ئێستا پۆستی پارێزگاری کەرکوک یەکلانەکراوتەوە و لە دوای گەڕانەوەی محەمەد شیاع سودانی لە ئەمریکا، کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی کەرکوک بە سەرپەرشتیی سودانی بۆ رێککەوتن لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگار بەڕێوەدەچێت.

گوتیشی، چاوەڕێدەکرێت سودانی لەو کۆبوونەوەیەدا پرسی پۆستی پارێزگار یەکلابکاتەوە و رێککەوتن لەسەر دانانی پارێزگاربکرێت.

لەبارەی کاتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێگای کەرکوک لە دوای سوێندخواردنیان، د. ئەحمەد کەرکوکی گوتی، "لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکرێت ئەم هەفتەیە ئەنجوومەن کۆدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی فەرمی نییە و ئاگادارنەکراونەتەوە کە لەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە".

رۆژی 3ی ئازاری 2024، محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی هێزە سیاسییە براوەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد و دوو هەفتە مۆڵەتیپێدان بۆ ئەوەی بگەن بە ڕێککەوتن لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە.

رۆژی 18ی کانونی یەکەمی 2023 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕوەچوو، جگە لە پارێزگای کەرکوک لەهەموو پارێزگاکان پارێزگار هەڵبژێردراوە.