فراکسیۆنى یەکگرتوو: سەرۆکى دادگاى فیدراڵى گوتى سێ مووچەکە پەیوەندى بەئێمەوە نییە

جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکى دادگاى فیدراڵى عێراق. فۆتۆ: کەناڵ8

موسەنا ئەمین، ئەندامى فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان رایگەیاند، سەرۆکى دادگاى فیدراڵى پێى گوتووە بەبانکیکردنى مووچەخۆران دەبێت لەرێى بانکە فیدراڵییەکانەوە بێت و رەتیشیکردوەتەوە بڕیاردان لەبارەى سێ مووچەکەى ساڵى رابردوو تایبەتمەندى دادگاکە بێت.

موسەنا ئەمین، ئەمرۆ شەممە 20ى نیسان لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژى پێنجشەممەى رابردوو لەگەڵ سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى کۆبوونەتەوە و بەناوى خەڵکى کوردستانەوە سوپاسى دادگاى فیدڕاڵیان کردووە بۆ ئەو بریارەى لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان داویەتى.

لەبارەى دابینکردنى سێ مووچەى کۆتایی ساڵى رابردوو سەرۆکى دادگاى فیدراڵى گوتویەتى ئەوە پەیوەندى بە دادگاى فیدڕاڵى نییەو کارى دادگاکانى دیکەیە.

لەبارەى بەبانکیکردنى مووچەى فەرمانبەران جاسم محەمەد عەبود سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى رایگەیاندوە، ئەو بابەتە لە بریارەکەدا بەروونى باسکراوە پێویستە لە بانکە حکومییەکان بێت و دوای ئەوە ئاساییە لەهەر بانکێک مووچە وەربگرن.

موسەنا ئەمین، گوتى "پێشتر خەڵک سێ مانگ چاوەروانى مووچەى دەکرد، بەڵام ئێستا لەماوەیەکى کەمدا سێ مووچەیان وەرگرتووە".

دەشڵێت، ئەگەر دادوەرێکى کورد بریارەکەى بنوسیایە ئەوا بریارەکە ئەوەندە لە سودى فەرمانبەران نەدەبوو، چونکە بریارەکە باس لەوەدەکات پێویستە حکومەتى فیدڕاڵ مووچەى مووچەخۆران دابین بکات، بەبێ ئەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ پابەندییەکى دارایی هەبێت.

ئەندامەکەی فراکسیۆنى یەکگرتوو باسى لەوەشکرد، بریارەکە دوو بڕگەى گرنگى تێدایە ئەویش هاوتاکردنى مووچەى سەرجەم مووچەخۆران و دابینکردنى مووچەى تۆڕى پاراستنى چاودێریى کۆمەڵایەتیى و کەسوکارى شەهیدان لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە.

گوتیشى "سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى گوتویەتى ئەوەى کردویانە بۆ بەدیهێنانى دادپەروەرییەو لەماوەى داهاتوو کارلەسەر هاوتاکردنى مووچەى تۆرى پاراستنى کۆمەڵایەتى و واریسى شەهیدان لەهەرێمى کوردستان لەگەڵ حکومەتى فیدراڵ دەکەن".