چەند راستییەکی سەرنجڕاکێش سەربارەت بە زمانی چینی

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکەوتی 20ی نیسانی وەکو رۆژی جیهانیی زمانی چینی دیاریکردووە، لە ئاستی ئاهەنگگێڕان و ستایشکردنی فرەزمانی و هەمەچەشنیی کولتوورییدا، لەم ڕۆژەدا زمانی چینی پەسن دەکرێت، کە دووەم قسەپێکراوترین زمانی جیهانە، چەند راستییەک سەبارەت بە زمانی چینی بزانە.

لە ئاستی ناوخۆی وڵاتی چیندا، چەندین زمانی جیاواز بەکاردەهێنرێن و قسەیان پێدەکرێت، ئەم وڵاتە خاوەنی حەوت بۆ 10 دایەلێکتی زمانەوانییە، لەوانە: ماندارین، کانتۆنیز، هاکا، وو، مینی باشووری.

چین خاوەنی فەرهەنگێکی گەورەی هێما زمانەوانییەکانە، هێما چینییەکان کە بە هانزییش ناسراون، کۆنترین سیستمی بەکارهێنراوی زمانەوانیین لە جیهاندا، جیاواز لە پیتە رۆمانییەکان، هێما چینییەکان لەبری بەهای دەنگی، بەهای وێنەییان هەیە و هەر هێمایەک بۆ واتایەکی جیاواز و سەربەخۆ بەکاردەهێنرێت، لەم سیستمەدا، چین خاوەنی زیاتر لە 50 هەزار هێمای زمانەوانییە.

کولتووری چینی، بە زانست و هونەر ناوبانگی هەیە، خاوەنی شێوازێکی ناوازەی نووسین و چاپکردنە، لە دروستکردنی گۆزە و پەیکەرسازییشدا مێژوویەکی دێرینیان هەیە، فەلسەفە، سیاسەت و ئەدەبیاتی چینی، لە ئاستی رۆژهەڵاتدا بە گەورەترین هەژموونی کولتووری دادەنرێن و کاریگەرییان لەسەر دەیان وڵات دروستکردووە.

لەکاتێکدا ئامارەکان رۆژ دوای رۆژ روو لە گۆڕانکاریی و هەڵکشانن، بەڵام بەگوێرەی زانیاریی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئاستی جیهانییدا، زمانی ماندارین، کە سەرەکیترین زمانی چینە، زیاتر لە یەک ملیار کەس قسەی پێدەکەن و یەکێکە لە دیارترین و باوترین زمانەکانی جیهان.

بەگوێرەی توێژینەوەی پەیمانگەی خزمەتگوزاریی بیانیی ئەمریکا، زمانی چینی، قورستترین زمانی جیهانە، بۆ کەسێکی ئاسایی ئینگلیزیی، فێربوونی ئەم زمانە پێویستی بە زیاتر لە دوو هەزار کاتژمێری بەردەوامە بۆ فێربوون.

هۆکاری سەرەکی لە فێربوونی سەختی زمانی ماندارین، کە بە زمانی چینیش ناسراوە، رەگەزە دەنگییەکەیەتی، کە خاوەنی پێنج تۆنی سەرەکییە، بەم جۆرەش، تەنها بە گۆڕینی تۆنی دەربڕینی ووشەکان، واتاکانیان دەگۆڕێت و پێویستت بە وریاییەکی گەورەیە بۆ قسەکردن بە ماندارین.

زمانی چینی، یەکێکە لە کۆنترین زمانە زیندووەکانی جیهان، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شانشینی شانگ، بەنزیکەی 1600 بۆ 1046ی پێش زاین.

ساڵژمێری چینی، لە ناوخۆی وڵاتەکەدا گرنگیی و بەهایەکی گەورەی هەیە، چینییەکان خاوەنی 12 هێما و سیمبولی ساڵانەن و بە خولێکی 12 ساڵیی دووبارە دەبنەوە، کە بەگوێرەی خولی سروشتیی هەیڤ دەگۆڕێت و لە 12 ئاژەڵی راستەقینە و خەیاڵی پێکهاتوون، لە دیارترینیان: ئەژدیها، ئەسپ، مەڕ، مار و جرج.

یەک لەسەر سێی خاکی چین، لە کەژ و چیا پێکهاتووە، بەشێوەیەکی گشتی، زۆرینەی خاکی چین پێکهاتەی گرد و شاخی بەرزن، ئەم وڵاتە، خاوەنی بەرزترین لوتکەیە لە سەرانسەری جیهاندا و چیای ئێڤەرێست دەکەوێتە ئەم وڵاتەوە، کە سنوورێکی گەورەی پێکهێناوە لەنێوان وڵاتەکە و نیپاڵدا.

لە کولتووری چینییدا، خێزان گەورەترین بەهای هەیە و رەگەزی سەرەکیی پێکهاتنی دەوڵەتە، کۆمەڵگەی هاوچەرخی چین، گرنگییەکی گەورە بە دروستکردنی خێزان و پەروەردەی نەریتیی دەدات، کۆبوونەوە خێزانییەکان دیارترین سیمبولی پێکەوەژیانن و تاکەکانی کۆمەڵگە لەچوارچێوەی خێزاندا بەهێزترن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی سایتی داتا ریپۆرتڵ، تاوەکو کانوونی دووەمی ساڵی 2024، ژمارەی هاووڵاتییانی چین یەک ملیار و 403 ملیۆن کەس بووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2023، بەڕێژەی 356 هەزار کەس کەمیکردووە و وڵاتەکە بووە بە دووەم گەورەترین وڵاتی جیهان پاش هیندستان لە ئاستی ژمارەی هاووڵاتییەوە، زۆرینەی هاووڵاتییانیش لە رەگەزی نێرن و بەڕێژەی سەدا 68.3، وڵاتەکە لە گەنج پێکهاتووە.