شانەی راگەیاندنی ئەمنی: ئەو شوێنەمان دۆزییەوە کە لێیەوە هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا بۆردوومانکرا

لۆگۆی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت: "ئەو شوێنەیان دەستنیشانکردووە، کە لێیەوە مووشەک ئاراستەی بنکەیەکی هاوپەیمانان کراوە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا".

لە راگەیەندراوێکیدا شانەی راگەیاندنی ئەمنی دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانمان، لە یەکەی ئۆپراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا، لە نزیک سنووری عێراق و سوریا، ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوانی گەڕان و پشکنینیان بۆ گرووپەکانی دەرچوو لە یاسا دەستپێکرد کە شەوی یەکشەممە کاتژمێر 21:50 خولەک بەکاتی ناوخۆی عێراق، بنکەیەکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان کردە ئامانج بە ژمارەیەک مووشەک و قووڵایی سوریای گرتەوە".

لە راگەیەنراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیدا هاتووە "هێزە ئەمنییەکانمان ئەو ئۆتۆمبێلەیان دۆزییەوە کە مووشەکەکانی تێدا هەڵدرابوون و سووتێنرا، تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لە پرۆسەی گەڕان بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران و گەیاندنیان بە دادگا بۆ سزادانیان".

هاوکات میدیای عێراقی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی سەربازییەوە بڵاویکردووەتەوە، فڕۆکەیەکی ئەمریکی سەکۆیەکی مووشەکی کردووەتە ئامانج کە بۆ بۆردومانکردنی بنکەیەکی هاوپەیمانان لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بەکارهاتووە.

شەوی یەکشەممە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند "پێنج مووشەک لە پارێزگای موسڵ (باکووری عێراق) ئاراستەی بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان کراون."

دوو سەرچاوەی ئەمنیی عێراقی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، ئێوارەی یەکشەممە پێنج مووشەک لە شارۆچکەی زومماری عێراقەوە بەرەو بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا هەڵدراون، پەیامنێری کەناڵ8 رایگەیاند، بنکەیەکی ئەمریکا لە ناوچەی خەرابەجیری باکووری حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەو مووشەکانە بەئامانجگیراوە.

ئەم هێرشە بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا یەکەم هێرشە لە سەرەتای مانگی شوباتەوە کە وەک دەگوترێت "گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق دژی سەربازانی ئەمریکا ئەنجامیدەدەن".

بنکەی خەرابەجیر، بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکییە و دەکەوێتە رۆژهەڵاتی رومەیلان، لە باشووری شاری دێریک، لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا.