هونەرمەندێکی کورد بە پێنج ساڵ زیندانیکردن حوکمدرا

سامان حسێن هونەرمەندی کورد فۆتۆ: گووگڵ

سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی یارسانی خەڵکی کرماشان لە دوای ساڵێک و حەوت مانگ لە راگرتنی لە زینداندا، دادگای شۆڕش لە تاران بڕیاری پێنج ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ پارێزگای کرمان، دەرکرد.

حسێن سەرتیپی، پارێزەر لە ناوەندی پارێزەرانی ئێران رایگەیاندووە، گەرچی سامان یاسین لە سزای سێدارە رزگاری بووە، بەڵام لەبەرئەوەی سامان یاسین زیاتر لە 18 مانگ لە زیندانەکاندا راگیرابوو، تانە لە بڕیاری پێنج ساڵ زیندانی و دوورخستنەوەی بۆ گرتووخانەی شارۆچکەی بابەک لە پارێزگای کرمان دەدات.

سامان سەیدی، ناسراو بە سامان یاسین، لە دوای پشتیوانیی لە راپەڕینەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ئێران، لە 2ی تشرینی یەکەمی 2022 لە ماڵەکەی خۆیدا دەستیگرکرا و گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی رەجائی شار لە کەرەج.

سامان یاسین لە 29ی تشرینی یەکەمی 2022 دا لەلایەن دادگای گشتی و دادگای شۆڕش لە تارانی پایتەختی ئێران بە تۆمەتی "موحاربە" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا و لە دژی ئەو سزایە تانەی لە بڕیارەکەی دادگا دا.

سامان یاسین، هونەرمەندی کوردی یارسان، هاوینی رابردوو لەبارەی دۆخی خۆی لە زینداندا رایگەیاندبوو، "ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دراوە".

پایزی رابردووش لە نامەیەکدا بۆ غولام موحسنیی ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاماژەی بە ئەشکەنجە جەستەیی و دەرونییەکانی کردبوو و رایگەیاندبوو، "پێیباشترە لەسێدارەی بدەن نەک لەو دۆخەدا بمێنێتەوە".