ئەو کتێبەی ستانلی کوبریک دژایەتی کرد بڵاودەکرێتەوە

ستانلی کوبریک، ئەو دەرهێنەرە گەورەیەی ژمارەیەک لە دیارترین فیلمەکانی جیهانی سینەمای دەرهێناوە، هەستیارییەکی گەورەی بە رەخنەگریی هەبووە، رێگر بووە لەبەردەم بڵاوکردنەوەی وتار و کتێبی رەخنەگرانە، سەبارەت بە کارەکانی.

ساڵی 1970، ستانلی کوبریکی دەرهێنەری ئەمریکی، بە هەڕەشەکردنێکی یاسایی، دژی خانەیەکی بڵاوکردنەوەی کتێب دەوەستێتەوە، کە پلانیان بڵاوکردنەوەی بەرهەمێک بووە سەبارەت بە دۆزینەوە و رەخنەگرتن لە خاڵە نەرێنی و هەڵەی ناو فیلمەکانی.

ئێستا، پاش تێپەڕینی زیاتر لە نیو سەدە بەسەر ئەم رووداوەدا، کتێبی رەخنەگرتن لە کەموکوڕیی فیلمەکانی کوبریک، بەناونیشانی "The Magic Eye: The Cinema of Stanley Kubrick"، لە نووسینی "نایڵ هۆرنیک"، بڵاودەکرێتەوە.

کوبریک لەماوەی نووسینی ئەم کتێبەدا، هەوڵی بەردەوامی داوە هیچ کەسێک نەتوانێت بیخوێنێتەوە، بە گوتەی خۆی، "لە ددانەوە بۆ نینۆک"، شەڕ لەسەر بڵاوکردنەوەی دەکات و هەموو رێکارێکی یاسایی دەگرێتە بەر بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم خوێندنەوەیدا.

هۆرنیک، ئێستا تەمەنی 84 ساڵە، بە گوتەی خۆی، "هەڵوێستەکانی کوبریک، لە دروستکردنی هەڕەشەی یاسایی، قۆناغێکی ئازاربەخشی ژیانم بووە"، بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێکی زۆری رەخنەکانی ئەم نووسەرە، سەبارەت بە فیلمی "لۆلیتا"ی ساڵی 1962 نووسراون، کە چیرۆکی ئەو کیژە 12 ساڵانە دەگێڕێتەوە، کە پیاوێکی پێگەیشتوو دەخاتە داوی خۆشەویستیی خۆیەوە. هۆرنیک دەڵێت، "ئەم فیلمەی کوبریک، بەشێوەیەکی گەورە، خیانەتکردنە لە رۆمانە رەسەنەکەی ڤلادیمیر نابۆکۆڤ".

بڕیارە ئەم کتێبە، لەلایەن خانەیەکی چاپکردن و بڵاوکردنەوەی شاری نیو یۆرک بڵاوبکرێتەوە و هەوادار و رەخنەگرانی کوبریک پێکەوە، چاوەڕوانی خوێندنەوەی دەکەن.