بەریتانیا ژمارەیەک پارچەی کەلەپووریی دزراو دەداتەوە بە وڵاتی غانا

بەشێوەیەکی کاتی، بەریتانیا ژمارەیەک پارچەی کەلەپووریی و گەنجینەی مێژوویی دزراوی سەردەمی کۆڵۆنیاڵیزم، دەدات بە وڵاتی غانا.

دوو مۆزەخانەی دیاری بەریتانیا، بەناوەکانی: "مۆزەخانەی بەریتانی" و "مۆزەخانەی ڤیکتۆریا و ئالبێرت"، بەشێوەی بەخشینی کاتی، 32 پارچەی زێڕ و زیوینی کەلەپووریی و مێژوویی دەبەخشن بە وڵاتی غانا، کە سەر بە شانشینی ئاشانتییەکانن و مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 150 ساڵ.

بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان وڵاتانی بەریتانیا و غانا، ئەم پارچە کەلەپوورییانە، بۆ ماوەی شەش ساڵ لە وڵاتە ئەفریقییەکەدا دەمێننەوە، کە ئامانج لێیان، هەڵدانەوەی مێژووی دەوڵەمەندی شارستانییەتی ئاشانتییەکانە لە دروستکردنی پارچەی هونەریی و کەلەپووری.

ئەم پارچانە، بە چەندین شێوازی جیاواز دروستکراون و مەبەستی دروستبوونیان ئاینی و کولتوورییە، لەوانە: ملوانکە، بەروانکە، بازنگ و پەیکەر.

لە سەدەی 19 و لەمیانی ململانێی نێوان کۆڵۆنیاڵیستەکان و گەلی ئاشانتییدا، ئەم پارچانە دزراون و بەسەر مۆزەخانە بەریتانییەکاندا دابەشکراون، گەڕاندنەوەشیان بەشێوەیەکی کاتی، پەیوەستە بەو فشارە گەورەیەی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا دروستبووە بۆ گەڕاندنەوەی پارچە دزراوە کەلەپووریی و مێژووییەکان بەرەو نیشتمانە رەسەنەکانی خۆیان.

وڵاتانی ئەفریقا، لەناوەندی دزرانی پارچە و شوێنەوارەکاندا، کاریگەریی گەورەیان لەسەر دروستبووە لە قۆناغی کۆڵۆنیاڵیزمی وڵاتانی ئەوروپییدا، بەدیاریکراوییش، سەپاندنی هەژموونی وڵاتانی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا لە ئاستی جیهانییدا.

ئەم رێککەوتنە نوێیە پاش هەوڵی زانکۆی کالیفۆرنیا دێت لە ئەمریکا، کە لە مانگی شوباتی ئەمساڵ، بەشێوەیەکی تاهەتایی، حەوت پارچەی کەلەپووریی دزراویان گەڕاندەوە بۆ گەلی ئاشانتی و لەلایەن پادشا "ئۆتۆمفو ئۆسی توتوی دووەم"، پێشوازییان لێکرا و لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەکەوە ستایشێکی گەورە کرا.

ئێستا، وڵاتانی ئەفریقا بەردەوامن لە دروستکردنی فشار بۆ گەڕاندنەوەی پارچە کەلەپوورییە رەسەنەکانیان، وڵاتی نایجیریا بە نموونە، دەیەوێت هەزاران پارچەی دزراوی کانزایی، کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی 16 و 18، بگێڕێتەوە بۆ کۆمەڵگە و مۆزەخانەکانی خۆی، کە زۆرینەیان لە زانکۆ و مۆزەخانەکانی ئەمریکا و ئەوروپا هەڵگیراون.