سینەما لە ستایشی هەسارەی زەویدا

ساڵی 1970، بەشێوەیەکی فەرمی، رێکەوتی 22ی نیسان، وەکو رۆژی زەوی دیاریکرا، لەم رۆژەدا، رێکخراو و دامەزراوە جیاوازەکان، پێکڕا کار دەکەن، بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی سەبارەت بە پاراستنی هەسارەکەمان، لە سایەی ئەم رۆژەدا، ئاماژە بە سێ دیارترین ئەو زنجیرە دۆکیومێنتارییانە دەدەین، کە سەبارەت بەم هەسارە ناوازەیە بەرهەمهێنراون.

زنجیرەی Planet Earth
جۆر: کورتە زنجیرە
ساڵی بەرهەمهاتن: 2006
ژمارەی وەرز: دوو

ئەم زنجیرەیە، بەشێوەیەکی سەرەکی، سەرنج دەخاتە سەر ژیارە جیاوازەکانی سەر هەسارەی زەوی، ئاوڕ لە رەگەزە سەرەکی و پێکهێنەرەکانی دەداتەوە، لەوانە، ژیانی ئاژەڵان، لە سەرانسەری ژینگە جیاوازەکاندا، وەکو: بیابانەکان، کێوەکان، زەریا قووڵەکان، کەناراوەکان، دارستانەکان، ئەشکەوتەکان، ناوچە کیشوەرییەکان، ئاوە سازگارەکان، دەشتایی و جەنگڵەکان.

ئەم زنجیرەیە، لە تێکڕای دوو وەزردا، هەسارەی زەوی وەکو بونیادێکی ناوازە و پڕ لە جیاوازیی و پێکەوەژیانیی نیشاندەدات، سوودگۆڕینەوە و کاریگەریی ئاژەڵ و زیندەوەرەکان لەگەڵ ژینگەکانیاندا دەخاتە روو.

لە ئاستی زنجیرە دۆکیومێنتارییەکاندا، لە بنەڕەتی 10 نمرە، نۆی پێدراوە و زۆرینە بە یەکێک لە باشترین بەرهەمەکانی دادەنێن کە سەبارەت بە هەسارەی زەوی دروستکراون، خاوەنی چوار خەڵاتی سینەمایی پاریمتایم ئێمییە.

زنجیرەی Our Planet
جۆر: دۆکیومێنتاری
ساڵی بەرهەمهاتن: 2019
ژمارەی وەرز: دوو

هاوشێوەی زنجیرەی پێشووتر، ئەم بەرهەمە سەرنجی سەرەکی دەخاتە سەر ژیانی کێویی زیندەوەرانی سەر هەسارەی زەوی، ماوەی تۆمارکردنی ئەم دۆکیومێنتارییە، چوار ساڵی خایەندووە، ماوەی پەخشکردنەکەشی ساڵی 2019 بۆ 2023 بەردەوام بووە.

ئەم زنجیرەیە، بە سینەماتۆگرافیی و دیمەنی ناوازەی سروشتیی ناوبانگی دەرکردووە، لە ژیانی رۆژانەی بوونەوەرەکان نزیکدەبێتەوە و وەرگر لە کاریگەریی سروشت و ئاژەڵەکان ئاشنا دەکات، دوو خەڵاتی سینەمایی پرایمتایم ئێمی بردووەتەوە.

زنجیرەی Human Planet
جۆر: دۆکیومێنتاری
ساڵی بەرهەمهاتن: 2011
وەرز: یەک

ئەم زنجیرەیە، یەکێکە لە دیارترین ئەو بەرهەمە دۆکیومێنتارییانەی، سەبارەت بە پەیوەندیی مرۆڤ و زەوی بەرهەمهێنراون، کاریگەریی سروشت و ژینگە دەخاتە روو لە پێکهاتنی کولتوورە جیاوازەکانی مرۆڤایەتییدا.

لە ئاستێکی بەرزی سینەماییدا، دیمەنەکانی ئەم دۆکیومێنتارییە تۆمارکراون، چیرۆکە مرۆییەکان دەکات بە هەوێنی تێگەیشتن لە هەسارەی زەوی، هاوتای هەوڵی مرۆڤەکان بۆ پاراستنی ژینگە و ژیانی کێویی ئەو بوونەوەرانەی لە سەختترین بارودۆخەکاندا دەژین.

زنجیرەکە، خاوەنی خەڵاتێکی بافتایە بۆ باشترین زنجیرە دۆکیومێنتاریی.