سێرڤانتس.. دۆزەرەوەی رۆمانی هاوچەرخ

میگێل دی سێرڤانتس ساڤێدرا، ساڵی 1547 لە وڵاتی ئیسپانیا لەدایکبووە، لە تەمەنی 21 ساڵییدا، چووەتە ریزی سوپاوە و دژی تورکەکان لە زەریا و ئیتاڵییەکان لەسەر خاک شەڕی کردووە، ساڵی 1575، چەند چەتەیەکی دەریایی، سێرڤانتس و براکەی دەڕفێنن و وەکو کۆیلە دەیانفرۆشن بە موورە موسوڵمانەکان.

پاش رفاندن و دەستبەسەرکردنی وەکو کۆیلە، لە وڵاتی جەزائیر خۆی دەبینێتەوە، سێ جار هەوڵی هەڵهاتنی داوە، ساڵی 1580، لە دەرئەنجامدا دەربازی دەبێت و بەرامبەر بە ئازادبوونی پارە دەدات، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ نیشتمانی خۆی.

یەکەم زانراوترین ئەدەبی بڵاوکراوەی سێرڤانتس، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1569، کاتێک کۆکراوەیەکی شیعریی پێشکەشی هاوسەری پادشای ئیسپانیا، فیلیپی دووەم دەکات و وەکو شاعیر دەناسرێت، بەڵام پاش یەک ساڵ، دەستبەرداری نووسین دەبێت و وەکو سوارچاک، دەچێتە ریزی سوپاوە و شەڕ بۆ ئیسپانیا دەکات.

ساڵی 1605، لە تەمەنی 58 ساڵییدا یەکەم بەرگی رۆمانە بەناوبانگەکەی بڵاودەکاتەوە، بەناونیشانی "دۆن کیخۆت"، بە بڵاوکردنەوەی ئەم بەرهەمە، سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستدەهێنێت و داهاتێکی زۆر کۆدەکاتەوە، بەڵام نەیتوانیوە پارەکانی کۆبکاتەوە، ئەم رۆمانە، کە بە یەکەم رۆمانی هاوچەرخی جیهان دادەنرێت و رێی بۆ دامەزراندنی شێوازی نوێی نووسینەوەی رۆمان خۆشکرد، هێندە کاریگەریی گەورە دروستدەکات، لەلایەن نووسەرانی دیکەوە، هەوڵی درێژکردنەوەی ناوەڕۆکەکەی دەدرێت، لە دیارترینی ئەو هەوڵانەش، نووسینی بەرگێکی نافەرمیی دۆن کیخۆتە لەلایەن ئاڤێلانیدای نووسەرەوە، ئەمە وای کرد، سێرڤانتس بە خێرایی هەوڵ بۆ بڵاوکردنەوەی بەرگی دووەمی ئەم کتێبە بدات و ساڵی 1616 بڵاویکردەوە، پاش یەک ساڵ لەم کارەی، لە تەمەنی 68 ساڵییدا بەهۆی نەخۆشی جگەر، کۆچیدوایی دەکات.

لەماوەی ژیانی سێرڤانتسدا، وڵاتی ئیسپانیا لە لوتکەی دەوڵەمەندییدا خۆی دەبینییەوە، لەلایەن کۆڵۆنییە ئەمریکییەکانەوە، بەردەوام پارەی رەوانەکراوە، هاوکات، بەدەست چەندین شکستی سەربازییەوە ناڵاندوویەتی، ئەمانە پێکڕا، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر دونیابینی و شێوازی نووسینی سێرڤانتس دروستکردووە، کە لە ناوەڕۆکی رۆمانە بەناوبانگەکەیدا روون و رەوانن.

دەرکەوتنی کەسایەتیی سێرڤانتس لە ئاستی ئەدەبیاتی ئەوروپییدا، بەراورد بە نووسەرە گەورەکانی دیکە، بە نهێنیی ماوەتەوە، تاکە زانیارییەک سەبارەت بە تایبەتمەندییە جەستەییەکانی ئەم نووسەرە، لە پێشەکی یەکێک لە کارەکانیدا دەدۆزینەوە بەناوی "Exemplary Novels"، کە تێکڕای وێنە و تابلۆ کێشراوەکانی، لەسەر زانیارییەکانی ئەم پێشەکییە دروستکراونەتەوە و وێنای کەسایەتییەکی 60 ساڵان دەکەن، ئەمەش وا دەکات، هەرگیز جیهان بەتەواوەتی نەزانێت سێرڤانتس بەڕاستیی شێوەی چۆن بووە.

هەرچەندە سێرڤانتس ژیانێکی رەنگاڵەی هەبووە، بەڵام بە هەژاریی پەروەردە بووە، باوکی زیندانیی کراوە، وێڕای نووسینەوەی یەکێک لە مەزنترین رۆمانەکانی جیهان، نەیتوانیوە داهاتی بەرهەمە نووسراوەکانی کۆبکاتەوە و بە هەژاری کۆچیدوایی کردووە.

ویلیام شەیکسپیر، گەورە شانۆنووسی ئینگلیزی، هاوسەردەمی سێرڤانتس بووە، یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی، ئیلهامی لە دونیابینی سێرڤانتس وەرگرتووە و هەواداری بووە، ساڵی 1613، لە ستایشی کەسایەتییەکی دۆن کیخۆت، نووسینێک بە ناونیشانی "The History of Cardenio" بڵاودەکاتەوە.

گەرچی ئێستا جیهان سێرڤانتس وەکو نووسەرێکی گەورە دەبینێت، بەڵام پیشە و کاری راستەقینەی ئەم نووسەرە کۆکردنەوەی باج بووە، ئەم کارە وای کردووە لە ئاستی نووسەرە هاوچەرخەکانیدا بهێنرێتە دەرەوە و کڵێساش وەکو کەسایەتییەکی نابەجێ لێیان رووانیوە، بەو پێوەرەی، کۆکردنەوەی باج بەمەبەستی پاڵپشتیکردن لە جەنگ، وەکو تاوان بینراوە.

لە کۆتا هەڵگەڕانەوەی ژیانیدا، وێڕای ویست و داواکارییەکانی بۆ ناشتنی تایبەت، لەمیانی نۆژەنکردنەوەیەکی ساڵانی 1670، گۆڕەکەی بەتەواوەتیی وون دەبێت، بەڵام ساڵی 2015، پاش لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکیی دادوەریی، پاشماوەی ئەم نووسەرە ئاشکرادەبێت و ناسنامەکەی دەسەلمێندرێت، بەمەش چیرۆکی 400 ساڵەی ونبوونی سێرڤانتس بەکۆتایی دێت.