ئەی سی و ئینتەر دوایین دێربی دی میلانۆی ئیتاڵیا لەم وەرزە ئەنجامدەدەن

ئەمشەو لە گەڕی 33ی سێریا ئەی، هەردوو یانەی ئەی سی میلان و ئینتەر میلان، دوایین دێربی دی میلانۆی ئیتاڵیا لەم وەرزە ئەنجامدەدەن، کە یاریی چوونیان دەگەرێتەوە بۆ 19ی سێپتەمبەری 2023، کاتێک ئینتەر بە 5 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، ئەی سی میلانی لە نێو یاریگەی خۆی تووشی شکستێکی گەورە کرد.

هەرچەندە بارودۆخەکە بۆ میلان شەرمەزارکەرە، چونکە ئینتەر تەنیا یەک یاریی ماوە تاوەکو تاجی سێریا لەسەر بنێت و بە جیاوازی 14 خاڵ لە پێش رکابەرکانییەتی، بۆیە ئەرکی میلان ئاسان نییە و تەنانەت مەحاڵە تازە بتوانێت لەم وەرزە بگەڕێتەوە سەر بردنەوەی ناسناوی سودێتۆ، بە تایبەت کە هێشتا برینی کرانە دەرەوەیان لە یۆرۆپالیگ سارێژ نەبووە.

ئەگەر ئاوڕێک لە ئامار و مێژووی رووبەرووبونەوەی هەردوو یانەکەش بدەینەوە، کە 222 یاریی لە نێوانیان روویداوە، ئینتەر باڵادەست بووە و 84 بردنەوەی هەیە، 67 یەکسانبوونیش روویداوە، بەڵام ئەوەی بۆ میلان کێشەیە، ستیفانۆ پیۆلی راهێنەرە، کە لە هەر راهێنەرێکی دیکە زیاتر دێربی میلانی لەدەستداوە و یانەکە لەگەڵ ئەو تووشی زۆرترین شکست بوون لە دێربیەکان، کە لە مێژووی سێریا ئەی شتی وا رووینەداوە.